رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، بە پاڵپشتیی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندن، یەکەم تاقیگەی نەوەی پێنجەم (5G) بۆ پەروەردەیی لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانیاری لە زانکۆی ئەلنەهرەین کردەوە.
تاقیگەکە، کە یەکەمینە لە جۆری خۆی لە عێراق، ژینگەیەکی پێشکەوتووی فێرکاری و توێژینەوە بۆ قوتابیانی ئەندازیاری و تەکنەلۆژیای زانیاری دابین دەکات. هەروەها دەرفەتیان پێدەدات راستەوخۆ کار لەگەڵ تۆڕەکانی G5 و بەرنامەکانی ئینتەرنێتی ئامرازەکان (IoT) و ژیریی دەستکرد بکەن.
رێککەوتنی کردنەوەی تاقیگەکە لە رێوڕەسمێکدا لە بارەگای سەرەکیی ئاسیاسێڵ لە بەغدا واژۆ کرا. لە رێوڕەسمەکەدا دکتۆر بەلاسم سالم، سەرۆکی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندن و نوێنەرانی ئاسیاسێڵ و زانکۆی ئەلنەهرەین ئامادەبوون.
بابەتی پەیوەندیدار
عامر سوناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ بە رووداوی راگەیاند، "شانازی دەکەین کە یەکەم کۆمپانیاین تەکنەلۆژیای G5 بە شێوەیەکی کردەیی بهێنینە عێراقەوە. ئەم تاقیگەیە وەبەرهێنانە لە توانای گەنجەکانمان و داهاتووی دیجیتاڵیی وڵاتەکەمان."
بەلاسم سالم، سەرۆکی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندن گوتی، "ئەم پڕۆژەیە دڵنیایی دەدات لە دابینکردنی ژێرخانێک بۆ خوێندکاران تاوەکو لەگەڵ نوێترین تەکنەلۆژیاکاندا کار بکەن و دەرچووی پسپۆڕ لەم بوارەدا پێبگەیێندرێن."
پڕۆفیسۆر دکتۆر حیکمەت نەجم عەبدوڵڵا، راگری کۆلێژی ئەندازیاریی زانیاری لە زانکۆی ئەلنەهرەین رایگەیاند، کردنەوەی تاقیگەکە "هەنگاوێکی گەورە و ناوازەیە" لە بواری پەروەردەی ئەندازیاری لە عێراق و بەشداری دەکات لە پەرەپێدانی بەهرەی گەنجانی عێراق.
