رووداو دیجیتاڵ
ئەو 12 گومانلێکراوەی لە دۆسیەی هێرشەکەی نزیک کۆنسووڵخانەی ئیسرائیل لە ئیستەنبووڵ دەستگیرکران، 9ـیان خرانە زیندانەوە.
پرۆسەی و دادگەیی و لێکۆڵینەوە لەبارەی هێرشی سێ کەس بۆ سەر خاڵێکی پۆلیس لە نزیک کۆنسووڵخانەی ئیسرائیل لە ئیستەنبووڵ بەردەوامە و، رۆژی شەممە 11-4-2026 بریار لەسەر ئەو 12 گومانلیکراوە درا کە درابوونە دادگە.
بە بڕیاری دادگە 9 لەو گومانلێکراوانە زیندانی کران و دوو کەسیان بە مەرجی دادوەری ئازادکران. کەسێکیشیان دوای ئوەی گوتەی لی وەرگیرا، بێ مەرج ئازاد کرا.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لە لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی ئەو هێرشە بەردەوامە.
بابەتی پەیوەندیدار
ئەو 12 کەسە کە وەکو گومانلیکراو دەستگیرکرابوون، زووتر پشکنینیان بۆ کرابوو و رەوانەی دادگە کران.
نیوەڕۆی 7ی نیسانی 2026 لە ناوچەی بێشیکتاشی ئیستەنبووڵ، کە باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی ئیسرائیلیشی لێیە، سێ کەس هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پۆلیس و شەڕەتەقە دروست بوو.
لە ئاکامدا یەکیک لە هێرشکارەکان کوژرا و دووەکەی دیکە بە برینداری کەوتنە دەستی پۆلیس. هەروەها دوو پۆلیسی تورکیاش بریندار بوون.
ئەو دوو هێرشکارەی بریندار بوون بەناوەکانی ئۆنور چەلیک و ئینەس چەلیک، لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
