رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند شوێنێکی ئیسماعیل حافز لامی ناسراو بە (ئەبو درع) و کوڕەکانی. لە ئەنجامدا دەست بەسەر 13 ئۆتۆمبێل و بڕێکی زۆر چەک و پارەدا گیراوە و دوو تۆمەتباریش دەستگیرکراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، هێزێکی هاوبەشی ئاژانسی هەواڵگری و پۆلیسی فیدراڵی، بە فەرمانی دادوەر، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر ماڵ و شوێنەکانی ئەبو درع، کوڕەکانی و پاسەوانەکانی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی بەغدا ئەنجامدا.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر 13 ئۆتۆمبێل و بڕێکی زۆر چەکی قورس، مامناوەند و سووکدا گیرا، لەگەڵ بڕێکی زۆر تەقەمەنی و پارەی نەختینە.
هەر لەو راگەیێندراوەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هێزە ئەمنییەکان دوو تۆمەتباریان دەستگیر کردووە، بەڵام گەڕان و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی کە (ئەبو درع) و کەسانی دیکەی نێو گرووپەکەی بەردەوامە.

تاوەکو ئێستا 16 فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەریی بۆ (ئەبو درع) و هاوکارەکانی دەرچووە بۆ ئەوەی رادەستی دادگە بکرێن.
یەکێک لە فەرمانەکانی دەستگیرکردنی ئەبو درع لە 27ی نیسانی 2026 لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی ناوەندی لە بەغدا دەرچوو.
ئەبو درع تۆمەتبارە بە هەڵکوتانە سەر ئەمینداریێتیی بەغدا و هەڕەشەکردن لە هاووڵاتییان، فەرمانبەران و پاسەوانان، بۆ ئەوەی ناچاریان بکات زیادکردنێکی ئاشکرا لە بەرژەوەندیی گرووپەکەی بێت.
رووداوەکە رۆژی دووشەممە 27ی نیسانی 2026 لە نزیک فەرمانگەی خانووبەرەی ناو باڵەخانەی ئەمینداریێتیی بەغدا روویداوە.

