رووداو دیجیتاڵ
هێرش کرایەسەر نزیک کۆنسووڵخانەی ئیسرائیل لە ئیستەنبووڵ. داود گول، پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن سێ کەسەوە ئەنجامدراوە.
داود گول، پارێزگاری ئیستەنبووڵ لە شوێنی رووداوەکە لێدوانی بۆ میدیاکان دا و گوتی: "هێرش کرایە سەر ئەو پۆلیسانەی رێوشوێنی ئەمنییان گرتبووەبەر. لە هێرشەکەدا دوو پۆلیس بە سووکی بریندار بوون. یەکێک لە تیرۆریستان کوژرا و دوو تیرۆریستی دیکەش بریندار کران. لێکۆڵینەوە بۆ زانینی ناسنامەکانیان بەردەوامە و کارکردن لەسەر پەیوەندییەکانیشیان بەردەوامە".
داود گول گوتی، ئەوەی روویدا "کردەیەکی دنەدەرانەیە. لە ناوچەکەدا چەندین شوێنی کار هەن. لە بەشی دواوە کۆنسووڵخانە هەیە. دوو ساڵ و نیوە لە کۆنسووڵخانەکەدا کارکردن راگیراوە و هیچ کارمەندێکی دیپلۆماسی تێدا نییە. هێزە ئەمنییەکانمان لێکۆڵینەوە لەم رووداوە دەکەن".
پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند: "هێرشەکە لەلایەن سێ کەسەوە ئەنجامدرا. بە ئۆتۆمبێل هاتبوونە شوێنی رووداوەکە. چەکی قەناس و دەمانچەیان پێبوو."
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیاش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداریدا لەگەڵ پۆلیس لەبەردەم باڵەخانەکانی یاپی کرێدی پلازا لە ئیستەنبووڵ، سێ کەس کوژران و بریندار کران. لە پێکدادانەکەدا دوو پۆلیس بە سووکی بریندار بوون.
بابەتی پەیوەندیدار
"
مستەفا چیفتچی لە پۆستێکدا نووسیویەتی: "ناسنامەی هێرشکارەکان ئاشکرا کراوە و دەرکەوتووە، یەکێکیان پەیوەندی بە رێکخراوێکی ئایینییەوە هەبووە و یەکێکیشیان پێشینەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەری هەبووە کە لەگەڵ یەکێکی دیکەیان برایە. هەروەها ئاشکرا بووە، هێرشکارەکان بە ئۆتۆمبێلی بەکرێ لە ئیزمیتەوە چوونەتە ئیستەنبووڵ".
کاژێر 12:20 خولەکی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی نیسانی 2026 لە ناوچەی بێشیکتاشی ئیستەنبووڵ، کە باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی ئیسرائیلیشی لێیە، دەنگی تەقە بیسترا.
دوای رووداوەکە ژمارەیەکی زۆر ئامبوڵانس و ئەندامانی تیمی پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "سەبارەت بەو زانیارییانەی کە باس لە بیستنی دەنگی تەقە دەکەن لە دەوروبەری کۆنسووڵخانەی ئیسرائیل لە ناوچەی بێشیکتاشی پارێزگای ئیستەنبووڵ، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ دەستبەجێ دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە."
