رووداو دیجیتاڵ
هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکراینا لە ساڵی 2022 و دواتر دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، دوایین پێشهاتیش جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە تاوەکو ئێستاش کۆتاییهاتنی نادیارە، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەجۆرێک کە هەندێ خۆراکی سەرەکی چارەگی بەهاکەی چووەتە سەری.
تۆڕی میدیایی رووداو، بەدواداچوونێکی وردی بۆ نرخی خۆراکی سەرەکی و بەراوردکردنی بە نرخەکانی پێشوو کردووە و دەرکەوتووە، زۆربەی هەرە زۆری کاڵا و خۆراکەکان نرخیان بەرز بووەتەوە و هیچ ئاسۆیەکیش نییە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بەهای جارانی خۆیان.
گرانبوونی گۆشتی سوور
سەردار عەلی حوسێن، گۆشتفرۆشە و رۆژانە ئاژەڵی گەورە و بچووک سەر دەبڕێت، لەبارەی نرخی گۆشتەوە گوتی: "ئەگەر گۆشتی بەرخ بە نموونە وەربگرین، بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر نرخەکەی 12% بەرزبووەتەوە."
بەپێی ئەو نرخانەی کە سەردار عەلی پێیداوین، نرخی ئێستای گۆشت و جیاوازییەکەی بەمجۆرەیە:
ساڵی 2025
کیلۆیەک گۆشتی گیسک و بەرخ بە 18 هەزار دینار بوو
ئێستا بە 23 هەزارە دینارە
رێژەی بەرزبوونەوە= 12%
کیلۆیەک گۆشتی نەرمەی گۆلک (گوێرەکە) بە 18 هەزار دینار بوو
ئێستا بە 20 هەزار دینارە
رێژەی بەرزبوونەوە= 11%
سەردار عەلی حوسێن دەڵێت: "ئاژەڵی خۆماڵی، پێویستیی نێوخۆیی پڕ ناکاتەوە، بۆیە ئاژەڵی گۆشت لە ئێران، سووریا، تورکیا و هیندستان و چەند وڵاتی دیکەوە هاوردە دەکرێت، ئەمەش هۆکارێکە بۆ گرانبوون."
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دا، نرخی گۆشتی ئاژەڵی سووریایی نزمترە بەراورد بە ئاژەڵی خۆماڵی، کە بۆ هەر کیلۆیەک نزیکەی دوو هەزار دینارە.
ئەو گۆشتفرۆشە لەوبارەوە گوتی: "ئاژەڵی خۆماڵی و سووریایی زۆر جیاوازن، چونکە ئەوەی لەو وڵاتەوە هاوردە دەکرێ، نازانرێ چ عەلەفێکی پێدراوە و گۆشتەکەشی تامی جیاوازە. کاوڕی سووریایی کیلۆی 2-3 هەزار هەرزانتر رادەوەستێ."
نرخی ئێستای ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان بە زیندەقەپان
کیلۆی بەرخ و گیسک: 10 هەزار بۆ 10هەزار و 500 دینار
کاوڕ: 9-10 هەزار دینار
گۆلک (گوێرەکە): 8-9 هەزار دینار
دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و کاریگەرییەکانی
لە سەرەتای ساڵی 2026دا، 100 دۆلاری ئەمریکایی بە 142 هەزار دیناری عێراقی بوو، بەڵام ئێستا بە زیاتر لە 153 هەزار دینارە. واتە دینار 7.7%ی بەهاکەی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی ئایاری 2026، سەروەر هاواری، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەندێ خۆراک و مەواد لە سەرچاوەی بەرهەمهێنانەکەوە نرخیان بەرزبووەتەوە، بۆیە لێرەش خۆکارانە نرخیان بەرز دەبێتەوە و لە دەسەڵاتی حکومەتی خۆجێیی دا نییە."
بۆ زانینی نرخەکان و گۆڕانەکان بەراورد بە رابردوو، رووداو پەیوەندیی کرد بە ئەردەڵان ئیبراهیم، خاوەنی هەرزان بازاڕ لە هەڵەبجەوە.
