رووداو دیجیتاڵ
بانکی رافیدەین و کۆمپانیایی دڵنیایی عێراق چوونە پاڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ سکاڵاکردن لە دژی بڕیارێکی 34 ساڵ لەمەوبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تایبەتە بە بە ناوکردنى موڵکەکانی حکومەت، بە گوتەی پسپۆڕێکی یاسایی، دادگە سکاڵاکان رەتدەکاتەوە بە پاساوی ئەوەی بەشێک نییە لە تایبەتمەندییەکانی.
دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵای لەسەر ئەو بڕیارە تۆمار کرد، کە لە 24ی تشرینی دووەمی 1992 لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەرچووە، هەر یەک لە بانکی رافیدەین و کۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانیی عێراقیش هەمان سکاڵایان تۆمار کردووە.
سکاڵاکان لەسەر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی و ئابووری و وەزیری دادن، تێیدا داوا کراوە دادگەی فیدراڵی بڕیارێکى ئەوکاتەى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمی کوردستان بە نادەستووری بناسێنێت، کە تایبەت بووە بە بەناوکردنی موڵکەکانی حکومەتی پێشووی عێراق و ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی پێشووی دەسەڵاتی بەعس.
عەبدولقادر ساڵح، پسپۆڕ لە بواری یاسایی گشتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سنووری ئیداریی دەسەڵاتی دادگەی فیدراڵی نییە و دادگە ئەو سکاڵایانە رەت دەکاتەوە لەبەر ئەوەى لە تایبەتمەندی دادگەکە نییە.
