رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی تووند لە لێدوان و گوتارەکانی ئەمریکا دەگرێ و بە "دژبەیەک و نائەقڵانی" ناویان دەبات؛ ئاشکراشی دەکات کە واشنتن سەرەڕای رەتکردنەوەی پێشنیازەکانی تاران، هێشتا دەیەوێ لە گفتوگۆ بەردەوام بێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئێستا ئەو پەیامە ناکۆکانەیە کە بەردەوام لە لایەن ئەمریکییەکانەوە دەردەچن. عێراقچی جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە گوتارە نائەقڵانییانە بە تەواوی پێچەوانەی هەر پڕۆسەیەکی دانوستاندن یان رێڕەوێکی دیپلۆماسییە کە هەوڵی بۆ دەدرێ.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئێران دەکەن لە لایەن ئەمریکاوە، عێراقچی روونیکردەوە کە پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی "قبووڵنەکراوی" وەڵامەکەی تاران، پەیوەندی بە چەند رۆژ لەمەوبەرەوە هەیە.
