رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران بڕیاریدا بۆ یەکەمجار رێگە بە هاوردەکردنی ماددەی خاوی پێترۆکیمیایی و پۆلیمەری لە رێگەی "کۆڵبەر و دەریاوە" بدات؛ ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی جەنگەوە زیانێکی زۆر بە ژێرخانی پیشەسازیی ئەو وڵاتە کەوتووە.
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، نێرگس باقری زومرودی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاساکانی هەناردە و هاوردە لە وەزارەتی پیشەسازی، لە نامەیەکدا بۆ گومرگی وڵاتەکەی، هاوردەکردنی کەرەستەی خاوی پێترۆکیمیایی و پۆلیمەری لە رێگەی "کۆڵبەری و مەلەوانەوە" بە یاسایی و رێگەپێدراو ناساندووە.
بەپێی میدیاکانی ئێران، ئەم مۆڵەتە وەک هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی کەمیی ماددەی خاو لە بازاڕەکانی ئێراندا، کە لە مانگەکانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
