رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتن لەوە قووڵترن بە چەند چوون و هاتنێک یان دانوستاندنی چەند هەفتەیەک چارەسەر بن و دەشڵێت: "پرۆسەی دیپلۆماسی کاتی دەوێ و هێشتا ناتوانین بڵێین گەیشتووینەتە خاڵی رێککەوتن."
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ 22ی ئایاری 2026، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا و پرسی ئەتۆمی تاران و گوتی، لەم قۆناخەدا تاران نایەوێ بچێتە نێو وردەکارییەکانی دۆسیەی ئەتۆمی، چونکە "داواکارییە زێدەڕۆکانی لایەنی بەرامبەر بووە هۆکاری جەنگ و ئەمەش ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێ."
بەقایی روونیکردەوە کە هێشتا ناتوانن بڵێن گەیشتووینەتە خاڵێک کە رێککەوتن نزیک بێت و باسی لەوە کرد، دیپلۆماسی کاتی دەوێ و لایەنەکان هەموو دەرفەتێک بۆ گواستنەوەی بۆچوونەکانیان بەکاردەهێنن.
بەقایی روونیشیکردەوە کە ناتوانرێت ماوەیەکی دیاریکراو دەستنیشان بکرێ بۆ گەیشتن بە ئەنجام و گوتی:"پرۆسەکە بەردەوامە. ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هێندە قووڵ و زۆرن، بەتایبەتی دوای ئەو تاوانانەی لە 2 تاوەکو 3 مانگی رابردوودا ئەنجامیان داون کە ناتوانرێ بگوترێ بە چەند جارێک هاتووچۆ یان دانوستاندن لە چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێکدا دەگەینە ئەنجام".
بەقایی جەختی لە ئامانجی سەرەکی تاران لە دانوستاندنەکان کردەوە و گوتی: "مەبەستی سەرەکیی دانوستاندنەکانی ئێستا، کۆتاییهێنانە بە شەڕ لە هەموو بەرەکانی جەنگ، بەتایبەت لە لوبنان؛ هەروەها تاوتوێکردنی دۆخی تەنگەی هورمز و رێگریکردنی ئەمریکا لەوەی ناوی ناوە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، ئەمانە لە بابەتە هەرە گرنگەکانن کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ."
پرسی ئەتۆمی و پیتاندنی ئۆرانیۆم
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ دەستڕاگەیشتنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەو شوێنانەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی تێدایە، بەقایی رایگەیاند، لایەنی ئەمریکی هەمیشە داواکاری "نابەجێ و زێدەڕۆ" دەخاتەڕوو.
