رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران بە ئاماژەدان بە دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی نێوان تاران و واشنتن، رایگەیاند: "ئامادەییمان هەیە دڵنیایی بدەینە جیهان کە بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نین."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ی ئایاری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بۆ دامەزراوەی دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی (رادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ئەمریکا کرد و رایگەیاند، ئێران بە هیچ شێوەیەک بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نییە و ئامادەیە لەم بارەیەوە گەرەنتی بداتە جیهان.
مەسعود پزیشکیان گوتی: "لە سەردەمی ئیمامی شەهیدماندا رامانگەیاند، ئێستاش رایدەگەیەنین کە ئامادەین دڵنیایی بدەینە جیهان کە بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نین."
پزیشکیان جەختی کردەوە: "ئێران بەدوای نائارامی لە ناوچەکەدا نییە، ئەوەی کە بەدوای نائارامکردنی ناوچەکەدایە، ئیسرائیلە کە بەدوای جێبەجێکردنی نەخشەی «ئیسرائیلی مەزن»ـەوەیە. ئەوە ئیسرائیلە کە بۆ زیندووهێشتنەوەی جەنگ و نائارامی و ناکۆکی هەموو دەرفەتێک دەقۆزێتەوە."
سەرۆک کۆماری ئێران روونیکردەوە، "بێگومان ئێمە و تیمی دانوستاندنکارمان بە هیچ شێوەیەک پاشەکشە لە شکۆ و سەربەرزیی وڵاتەکەمان ناکەین.
