رووداو - تەندروستی
لە کەلار خانمێکی بەساڵاچوو دوای ئەوەی دۆخی تێکدەچێت و دەچێتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت، سێ کارمەندی تەندروستیی نەخۆشخانەکە پشکنینی بۆ دەکەن و دەرمانی پێدەدەن، بەڵام دوای وەرگرتنی دەرمانەکان، دۆخی ئەو خانمە تێکدەچێت و دەیبەن بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە، لەوێشەوە دەیبەنە نەخۆشخانەیەکی دیکەش و ئیدی لەوێ بە تەواوی گیان لەدەستدەدات.
ئەو ژنە ناوی بەدریە عەبدوڵڵایە و دوو کوڕی قسەیان بۆ رووداو کردووە (لێرەوە هەموو قسەکانیان بزانە)، ئەوان دەڵێن، بەهۆی پێدانی دەرمانی هەڵەوە گیانی لەدەست داوە.
رۆژی یەکشەممە 19-4-2026 ئازاد حەمەفەرەج، گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان لە بووڵتەنی کاژێر 17:00 بە رووداوی راگەیاند، لێکۆڵینەوە لەو دۆسییەیە بەردەوامە و لێکۆڵینەوە لە هەر سێ نەخۆشخانەکە دەکرێت.
ئازاد حەمەفەرەج ئەوەشی گوت کە وەزارەتی تەندروستی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی ئەو خانمە پێکدەهێنێت و ئەوان وەکو تەندروستیی گەرمیانیش دوای گیانلەدەستدانی خانمەکە ئاگادارکراونەتەوە و پێشوەختە هیچ سکاڵایەکیان بۆ نەکراوە.
بابەتی پەیوەندیدار
لەنێو هەواڵەکەیدا، شەهیان تەحسین قسەی یەکێک لە کارمەندەکانی ئەو نەخۆشخانە تایبەتە دەگێڕێتەوە کە پێی گوتووە ''دەرزییەکە هەمان ئەو دەرزییە نەبووە کە بۆ نەخۆشەکە نووسراوە و گۆڕدراوە، چونکە دەرزییەکە زۆر گرانە، بۆیە ئەو دەرمانەمان بەکارنەهێنا کە ستیکەری لەسەرە، بەڵکو ئەوەمان بەکارهێنا کە بە قاچاخ دەهێندرێت و هەرزانترە''.
