رووداو - تەندروستی
توێژەرانی ئەڵمانیا ئاشکرای دەکەن، ئەو پێکهاتەیەی لەنێو حەبی ڤیاگرا هەیە، بە شێوەیەکی کاریگەر نیشانەکانی (کۆنیشانەی لی) باشتر دەکات تا دەگاتە ئاستی چارەسەر.
توێژەرانی زانکۆی بەنێوبانگی شاریتە لە ئەڵمانیا رایدەگەیێنن، ڤیاگرا توانای ماسوولکە و دەمارەخانەکانی نەخۆشی تووشبووی (کۆنیشانەی لی) کە پێی دەگوترێت Leigh Syndrome باشتر کردووە و جووڵە و پێداڕۆیشتنی خوێنی ئەو نەخۆشانەی چارەسەر کردووە.
شەش نەخۆش رۆژانە بۆماوەی حەوت ساڵ مادەی سێڵدینافیڵیان بۆ بەکارهاتووە کە مادەی سەرەکیی نێو حەبی ڤیاگرایە و هێزی زیاتری بە ماسوولکەکان گەیاندووە و تێکچوونە دەمارییەکانیشی باشتر کردووەتەوە، توانای رۆیشتن و قسەکردنیشیان باشتر بووە.
بڕێکی کەم لە مادەکە بەکارهاتووە بۆ ئەو نەخۆشانە و کاریگەریی باشی هەبووە، بەجۆرێک بە بڕی 0.66 میلیگرام و 3 میلیگرام بەکارهاتووە، لەکاتێکدا لەنێو حەبی ڤیاگرا 25 تاوەکو 100 میلیگرام بەکاردێت.
د. مارکوس شولکە، توێژەری زانکۆی شاریتە دەڵێت: دڵخۆشین کە دەرمانێکی باو و بەردەست هەیە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی سکماکیی مەترسیدار.
