رووداو - تەندروستی
توێژەرانی زانکۆی ویلایەتی جۆرجیا لە ئەمریکا کار دەکەن بۆ دۆزینەوە و دروستکردنی دەرمانێکی نوێی دژەڤایرۆس بۆ چارەسەری سوورێژە و بەشێکی زۆر لە ڤایرۆسەکانی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان.
ئەم دەرمانە ئومێدێکی زۆر گەورەیە بۆ منداڵانی خوار 5 ساڵان، چونکە زۆرترین قوربانیی ئەو نەخۆشییانە ئەو گرووپەی منداڵن، توێژەران رایدەگەیێنن، دەرمانەکە لەڕێگەی دەمەوە رۆژی یەکجار بەکاردێت و ئیدی کەسی تووشبوو لە نەخۆشییەکە زوو چاک دەکاتەوە.
لە توێژینەوەیەکدا لە گۆڤاری Science Advances ئەنجامەکانی دەرمانەکە لەسەر ئاژەڵ ئاشکرا کران؛ کارۆلین لیبەر، توێژەری دەرمانەکە دەڵێت: ئەم دەرمانە ژیانی هەزاران منداڵ لە لێکەوتە تووندەکانی نەخۆشییەکە رزگار دەکات و چەندین منداڵیش لە گیانلەدەستدان دەپارێزێت.
سوورێژە چییە؟
سوورێژە نەخۆشییەکی کۆئەندامی هەناسەدانە و بە ئاسانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە. هەوکردنی سییەکان یەکێکە لە باوترین لێکەوتەکانی نەخۆشیی سوورێژە. نەخۆشییەکە دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردنی بۆڕییەکانی هەوا و هەوکردنی قوڕگ، لەگەڵ دەرکەوتنی لیری سەر پێست، لە حاڵەتی زۆر دەگمەن و زۆر توونددا، تووشبوون بە سوورێژە رەنگە پەرەبسەنێت بۆ هەوکردنی پەردەی مێشك.
نیشانەکانی
10 رۆژ دوای بەرکەوتنی ڤایرۆسەکە دەردەکەون
نیشانەکانی هاوشێوەی هەڵامەتن
تا، کۆکە، بێهێزی، هەناسەتنەگی و چاوسووربوونەوە
دەرکەوتنی پەڵەی سوور لەسەر جەستە
ماوەی دەرکەوتنی پەڵەکان لەنێوان 4 بۆ 7 رۆژە.
پێشگیری
* کوتان بە ڤاکسینی MMR
* ژەمی یەکەم؛ 15 بۆ 15 مانگی
* ژەمی دووەم؛ 4 بۆ 6 ساڵان
ئەگەر منداڵ نەکوترێت بە ڤاکسینی دژەسوورێژە، لێکەوتەکانی نەخۆشیی سوورێژە دەشێت ئەمانەبن
* سکچوون و رشانەوەی تووند
* سستبوونی گورچیلەکان
* هەوکردنی سییەکان
* هەوکردنی مێشک
* کوێربوون