رووداو دیجیتاڵ بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا، زیاتر لە نیوەی هەرزەکاران بەهۆی بەکارهێنانی مۆبایلەوە لە درەنگانی شەودا، قوربانی بە خەوی خۆیان دەدەن. دەرکەوتووە لەو شەوانەی کە بۆ بەیانییەکەی قوتابخانەیان هەیە، لەنێوان کاژێر 10:00ی شەو بۆ 6:00ی بەیانی، بە تێکڕا زیاتر لە 50 خوولەک مۆبایل بەکاردەهێنن. توێژینەوەکە چۆن کراوە؟ ئەم توێژینەوەیە لەسەر 657 هەرزەکار کراوە کە تێکڕای تەمەنیان 15 ساڵ بووە. زانایان لەبری ئەوەی پرسیار لە هەرزەکارەکان بکەن، بەرنامەیەکی چاودێرییان خستووەتە نێو مۆبایلەکانیان بۆ ئەوەی بەوردی بزانن چۆن و کەی بەکاریدەهێنن. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە 52.1٪ی هەرزەکارەکان لەنێوان نیوەشەو بۆ 4:00ی بەرەبەیان مۆبایلەکانیان بەکارهێناوە. بە چییەوە سەرقاڵن؟ دەرکەوتووە زۆربەی کاتەکان لە شەودا سەرقاڵی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک یوتیووب، ئینستاگرام و تیکتۆک بوون، یانیش یارییە ڤیدیۆییەکانی وەک رۆبلۆکس (Roblox) و کلاش رۆیاڵ (Clash Royale)ـیان کردووە. بۆچی ئەمە مەترسیدارە؟ جەیسن ناگاتا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، بەکارهێنانی مۆبایل لەنێوان 12:00 بۆ 4:00ـی بەرەبەیان زۆر مەترسیدارە، چونکە ئەوە کاتێکی زێڕینە بۆ پشوودانی مێشکی هەرزەکاران. ئەو روونیدەکاتەوە کە هاتنی ئاگانامە (نۆتیفیکەیشن) یان خەوزڕان وا دەکات هەرزەکاران بەردەوام سەیری مۆبایلەکانیان بکەن. هەروەها سەیرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مێشک و هەستەکانیان دەورووژێنێت، بۆیە تەنانەت ئەگەر مۆبایلەکانیش دابنێن، زۆر زەحمەتە بتوانن خەویان لێبکەوێتەوە. چارەسەر چییە؟ پزیشکان رێنمایی دەدەن کە هەرزەکاران دەبێت لە شەودا 8 بۆ 10 کاژێر بخەون. باشترین رێگەش بۆ باشترکردنی خەویان، بردنە دەرەوەی مۆبایل و شاشەکانە لە ژووری نووستنەکانیان. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دوو لەسەر سێی هەرزەکارانی نێو توێژینەوەکە گوتوویانە، مۆبایل یان ئامێرێکی ئەلیکترۆنی دەبەنە ژووری نووستنەکانیان. کەیری ئەندەرسن، چارەسەرکاری دەروونیی خێزان دەڵێت، بەکارهێنانی مۆبایل لە شەودا وایکردووە منداڵان هەمیشە ماندوو بن، باری دەروونییان تێکبچێت و ئاستی خوێندنیان دابەزێت. ئەو شارەزایە ئامۆژگاریی دایک و باوکان دەکات کە چارەسەری ئەم کێشەیە تەنیا بە سەپاندنی یاسای تووند ناکرێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ منداڵەکانیان گفتوگۆ بکەن و لێکتێگەیشتنیان هەبێت، چونکە هەرزەکاران زۆرجار دوای گوشاری رۆژانەی قوتابخانە، بۆ پشوودان و قسەکردن لەگەڵ هاوڕێکانیان پەنا بۆ مۆبایل دەبەن.