رووداو دیجیتاڵ
ئاماری مردن و تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق لە بەرزبوونەوەدایە. تاوەکو ئێستا 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 41 تووشبووش تۆمارکراون. بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵیش لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هیچ تووشبوونێک لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.
ئەحمەد سەلیم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند، پارێزگاکەیان لەسەر ئاستی عێراق لە پلەی یەکەمی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بەدواداچوونی ورد دەرکەوتووە کە "چەقی بڵاوبوونەوەی پەتاکە" سەربڕخانەی ناسریەیە، هەربۆیە ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیاری داخستنی ئەو سەربڕخانەیەی داوە.
بە گوتەی گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، لە دوو مانگی رابردوودا 6 کەس لەو پارێزگایە بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە و 41 کەسیش تووشبوون.
ئەحمەد سەلیم گوتی، بوونی چەندین شوێنی نایاسایی سەربڕینی ئاژەڵ کە پابەندی رێکارە تەندروستییەکان نەبوون، بووەتەهۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ نێو شار و دەوروبەری ناسریە.
ئەحمەد سەلیم دەڵێت، "لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان و زیادبوونی سەربڕینی ئاژەڵ، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە پارێزگاکە پێکهێندراوە کە نوێنەری فەرمانگەکانی ڤێتێرنەری، تەندروستی، ژینگە و دەزگا ئەمنییەکانی تێدایە، ئەوەش بە مەبەستی چاودێریکردنی وردی بازاڕەکان."
بە گوتەی گوتەبێژەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، بردنە ناوەوەی ئاژەڵ و بردنە دەرەوەی لە پارێزگاکە قەدەخەیە تا کاتێکی نادیار.
"لە هەرێمی کوردستان هیچ تووشبوویەک تۆمار نەکراوە"
د.
