رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر بنەمای نێوەندگیریی پاکستان، رەزامەندی نیشانداوە لەسەر هەڵپەساردنی هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێران بۆ ماوەی 14 رۆژ. ئەم هەنگاوە وەک گەورەترین وەرچەرخان لە جەنگی پێنج هەفتەی ناوچەکە دەبینرێت.
رۆژی چوارشەممە 08-04-2026 سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەم ئاگربەستە "دوولایەنە" دەبێت و مەرجی سەرەکیی بۆ جێبەجێکردنی، رەزامەندیی ئێرانە بۆ کردنەوەی "تەواوەتی، دەستبەجێ و سەلامەتی" تەنگەی هورمز بە رووی کەشتیوانیی جیهانییدا.
ترەمپ گوتی: "لەسەر داوای شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان بڕیارم دا ئەو هێزە وێرانکەرەی کە بڕیار بوو ئەمشەو بەرەو ئێران بەڕێ بکرێت، رابگرم."
ترەمپ جەختی کردەوە، هۆکاری ئەم بڕیارەی ئەمریکا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سوپای وڵاتەکەی هەموو ئامانجە سەربازییەکانی پێکاوە و تەنانەت لەوەش تێپەڕیوە. ترەمپ گوتی: "ئێمە ئێستا لە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتووداین بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە ئاشتیی درێژخایەن لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، واشنتن پێشنیازێکی 10 خاڵیی لە ئێرانەوە پێگەیشتووە. ترەمپ گوتی: "بڕوامان وایە ئەمە بنەمایەکی کارپێکراوە کە دەکرێت دانوستاندنی لەسەر بکرێت. نزیكەی هەموو خاڵە جیاوازەکانی ناکۆکییەکانی رابردوو چارەسەر کراون و ئەم دوو هەفتەیەی ئاگربەست بۆ ئەوەیە رێککەوتنەکە بە فەرمی کۆتایی پێ بهێنرێت."
دۆناڵد ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەک نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گوتی: "جێگەی شانازییە کە دەبینم ئەم کێشە درێژخایەنە لە چارەسەربوونی یەکجاری نزیک بووەتەوە.
بابەتی پەیوەندیدار
"
ئەم بڕیارەی ترەمپ تەنیا چەند کاژێرێک بەرلە تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە هات کە تێیدا هەڕەشەی وێرانکردنی هەموو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێرانی کردبوو. ئێستا چاوەکان لە سەر تارانن تاوەکو بزانرێت بە فەرمی کردنەوەی تەنگەی هورمز رادەگەیێنێت یان نا.
دەقی پۆستەکەی ترەمپ لە بارەی راگرتنی جەنگ:
"لەسەر بنەمای گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆکوەزیران شەهباز شەریف و عاسم مونیر لە پاکستان، کە تێیدا داوایان لێکردم ئەو هێزە وێرانکەرەی کە ئەمشەو بۆ ئێران دەنێردرا رابگرم و بە مەرجی رەزامەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کردنەوەی تەواوەتی، دەستبەجێ و سەلامەتی تەنگەی هورمز، من رەزامەندم بۆ هەڵپەساردنی بۆردوومان و هێرش بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە. ئەمە ئاگربەستێکی دوولایەنە دەبێت.
هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە پێشتر هەموو ئامانجە سەربازییەکانمان پێکاوە و تەنانەت لەوەش تێپەڕیوین، لە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتووداین بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە ئاشتیی درێژخایەن لەگەڵ ئێران و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێمە پێشنیازێکی 10 خاڵیمان لە ئێرانەوە پێگەیشتووە، بڕوامان وایە بنەمایەکی کارپێکراوە کە دەکرێت دانوستاندنی لەسەر بکرێت. نزیكەی هەموو خاڵە جیاوازەکانی ناکۆکییەکانی رابردوو لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران رێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەڵام ماوەی ئەم دوو هەفتەیە رێگە دەدات رێککەوتنەکە کۆتایی پێ بهێنرێت و تەواو بکرێت.
بە نوێنەرایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک سەرۆک و هەروەها وەک نوێنەری وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، جێگەی شانازییە کە دەبینم ئەم کێشە درێژخایەنە لە چارەسەربوون نزیک بووەتەوە."
