رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە جەنگی ئێراندا ناکات و پابەندی سیاسەتی بێلایەنییە. دەشڵێت، ئامادەن ئاسانکاری بۆ هەر جۆرە گفتوگۆیەکی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بکەن.
رۆژی سێشەممە، 7ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "سویسرا بە تەواوی پابەندە بە سیاسەتی لەمێژینەی بێلایەنیی خۆی، بەڵام بێلایەنی بەواتای بێباکی لە ئاست رووداوەکان نایەت." وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، زۆر نیگەرانی زیادبوونی گرژییەکانن لە ئێران و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
رۆژی 28ی شوباتی ئەمساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداو و لە دووەم رۆژی جەنگەکەشەوە تەنگەی هورمزی داخستووە.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا داوای گەڕانەوەی لایەنەکانی بۆ سەر مێزی دانوستان کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە و جەختی کردەوە کە "سویسرا ئامادەیە لە هەر کاتێکدا بێت پشتگیری و ئاسانکاری بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی بکات."
پێش دەستپێکی ئەم جەنگە، ئێران و ئەمریکا سێ گەڕی دانوستاندنیان کرد، دوو گەڕی سەرەتایان لە مەسقەتی پایتەختی عومان و سێیەمیشیان لە جنێڤ بوو. هەروەها، لە ساڵی 1980ەوە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئێران داخراوە، کارەکانی هاووڵاتییانی ئەمریکایی لەو وڵاتە لە باڵیۆزخانەی سویسراوە بەڕێوەدەبرێن.
زۆرترین ژمارەی قوربانییانی سڤیل لە هەرێمی کوردستانن
وەزارەتەکە لە وەڵامەکانیدا بۆ رووداو سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی سڤیل لە ئێران، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو دەڵێت، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەن "رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن و پارێزگاری لە گیانی سڤیلەکان بکەن.
بابەتی پەیوەندیدار
"
بەگوێرەی ئاماری تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژانە تۆماری دەکات، لە 28ـی شوباتەوە بۆ نیوەڕۆی ئەمڕۆ 7ـی نیسان، هەرێمی کوردستان بە 698 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر. ئەوەی کە پەیوەندی بە زیانە گیانییەکانەوە هەیە، لانیکەم 17 کەس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، بەم جۆرە:
7 پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان.
1 ئەندامی ئاسایش.
6 پێشمەرگەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
2 هاونیشتمانیی سڤیل.
1 سەربازی فەرەنسی.
بەراوردکردنی هەرێمی کوردستان بە وڵاتانی کەنداو کە بەشێک نینە لە جەنگەکە بەڵام هێرشیانکراوەتە سەر نیشانی دەدات کە کوردستان زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانی هەیە.
هەرێمی کوردستان : 17 گیانلەدەستدان و 92 بریندار.
ئیمارات: 12 گیانلەدەستدان و 217 بریندار.
کوێت: 7-10 گیانلەدەستدان و 109 بریندار.
قەتەر: 4 گیانلەدەستدان و 16 بریندار.
بەحرێن: 3 گیانلەدەستدان و 42 بریندار.
عومان: 3 گیانلەدەستدان و 15 بریندار.
سعودیە: 2 گیانلەدەستدان و 22 بریندار.
