رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، خوێندن بە زمانی دایک هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گشتگیری و فێربوونی ئاستبەرز؛ هەروەها دەبێتە هۆی باشترکردنی ئەنجامەکانی فێربوون و ئاستی زانستیی قوتابییان. ئەمە بەتایبەتی لە قۆناخی بنەڕەتیدا زۆر گرنگە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی کەلێنی زانیاری و زیادکردنی خێرایی فێربوون و تێگەیشتن.
لەوەش گرنگتر، پەروەردەی فرەزمان لەسەر بنەمای زمانی دایک، توانای تەواو دەداتە فێرخوازان بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کارا بەشداری لە کۆمەڵگەدا بکەن. ئەم جۆرە خوێندنە لێکتێگەیشتنی دوولایەنە و رێزگرتن لە یەکدی پتەوتر دەکات و یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی ئەو میراتە کولتووری و کەلەپوورییە دەوڵەمەندەی لە ناو هەموو زمانەکانی جیهاندا هەیە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای ئەمانە، هێشتا رێگەیەکی درێژ ماوە بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەموو فێرخوازێک بۆ خوێندن بە زمانی دایک. لە زۆربەی وڵاتان، زۆرینەی قوتابییان بە زمانێک دەخوێنن کە زمانی دایکیان نییە، ئەمەش توانای ئەوان بۆ فێربوونی کاریگەر کەمدەکاتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 2016 بەناوی (ئەگەر تێنەگەیت، چۆن فێر دەبیت؟) بڵاوکراوەتەوە، 40%ـی دانیشتووانی جیهان دەستیان بە خوێندن بەو زمانە ناگات کە قسەی پێدەکەن یان تێی دەگەن.
لە جیهاندا نزیکەی حەوت هەزار زمان هەن، بەڵام هەمەجۆریی زمانەوانی بەردەوام رووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە، چونکە زمانەکان بە رێژەیەکی مەترسیدار لەناو دەچن. کاتێکیش زمانێک لەناو دەچێت، تەواوی میراتە کولتووری و رۆشنبیرییەکەشی لەگەڵ خۆی دەبات.
یونسکۆ، ئاژانسە تایبەتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە، لە راپۆرتێکدا کە لە ساڵی 2022 لە 95 لاپەڕ و بەناونیشانی (لە مافەکانەوە بۆ هەنگاوی کردەیی لە ئاستی وڵاتدا) بڵاوی کردووەتەوە، هەوڵە نیشتمانییەکانی وڵاتە جیاوازەکان بۆ بەهێزکردنی هەمەجۆریی کولتووری و زمانەوانی نیشان دەدات. جگە لەوەش، هەمان ئاژانس لەم دواییانەدا (ئەتڵەسی جیهانیی زمانەکان)ـی بڵاوکردەوە، کە دەستپێشخەرییەکی بێ پێشینەیە بۆ پاراستن و بووژاندنەوە و برەودان بە هەمەجۆریی زمانەوانی و فرەزمانی لە جیهاندا.
راپۆرتەکەی یونسکۆ زانیاریی وردی هەوڵەکانی 81 وڵات دەخاتەڕوو. تیشک دەخاتە سەر هەوڵی وڵاتان بۆ فەراهەمکردنی خوێندن بە زمانی دایک بۆ کەمینە و نەتەوەییەکان. بۆ نموونە، لە وڵاتی سلۆڤاکیا و قوبرس یاسا رێگە دەدات کەمینەکان بە زمانی خۆیان بخوێنن.
هەروەها 81%ـی وڵاتان رایانگەیاندووە، پەنابەر و کۆچبەرانیان لە نێو سیستمی خوێندنی گشتیدا جێگیر کردووە. نموونەیەکی دیکە، لە ئەڵمانیا، منداڵانی پەناخواز بێ گوێدانە رەوشی یاسایی مانەوەیان، مافی خوێندنیان هەیە.
یونسکۆ دەڵێ:
- %86ـی وڵاتانی جیهاندا، جیاکاری لە پەروەردە بەپێی یاسا و دەستوور قەدەخە کراوە.
- تەنیا 41%ـی وڵاتان یاسایەکی روونیان هەیە کە گەرەنتیی مافی کەمینەکان بکات بۆ خوێندن بە زمانی دایک.
- کاتێک منداڵ بە زمانێکی دیکە دەخوێنێت، خێرایی تێگەیشتنی 30% بۆ 50% کەمدەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی "کەلێنی زانیاری" کە چیدیکە قەرەبوو ناکرێتەوە.
رەوشی خوێندن بە زمانی دایک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پرسی خوێندن بە زمانی دایک یەکێکە لە ئاڵۆزترین تەوەرە سیاسی و پەروەردەییەکان.
عێراق:
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە عێراق پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتننامەی ساڵی 1960 پیشانداوە. لە دوای 2003ـوە، عێراق وەک مۆدێلێکی تاڕادەیەک پێشکەوتوو لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت کە تێیدا زمانی کوردی بە فەرمی لە دەستووردا چەسپێنراوە و وەک زمانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت؛ بەڵام راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، لە ئاستی نیشتمانیدا، هێشتا رێژەی بەشداری لە خوێندنی پێش بنەڕەتی لە عێراق تەنیا 11%یە، کە ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر ئامادەکردنی منداڵانی کەمینەکان بۆ قۆناخی قوتابخانە.
ئێران:
سەرەڕای ئەوەی ئێران ئەندامی یونسکۆیە، بەڵام راپۆرتەکە دەڵێ، وڵاتانی گرووپ-4 (کە ئێرانی تێدایە) هێشتا بەربەستی گەورەیان لەبەردەم گشتگیریی پەروەردەدا هەیە. لە ئێران خوێندن تەنیا بە زمانی فارسییە، ئەمەش وایکردووە ملیۆنان منداڵی کورد، بەلووچ، ئازەری و عەرەب لە ساڵانی یەکەمی خوێندندا رووبەڕووی شۆکی زمانەوانی ببنەوە، کە یونسکۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی "وازهێنان لە خوێندن" رایگەیاندووە.
تورکیا:
