رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چیدیکە بەرگەی دزەکردنی زانیارییە نهێنییەکانی جەنگی ئێران بۆ ناو میدیا ناگرێت و کۆمەڵێک راپۆرتی رۆژنامەڤانی کە لەسەری نووسیوە "ناپاکی"، ناردووە بۆ وەزارەتی داد و داوای کردووە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەو رۆژنامەڤانانە بکرێت و دەست بەسەر مۆبایل و تۆماری پەیوەندییەکانیاندا بگرن، چونکە "نهێنییەکانی پێنتاگۆن و کۆشکی سپییان بڵاوکردووەتەوە."
رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ئاشکرای کردووە، تۆد بلانش، وەزیری دادی ئەمریکا بە وەکالەت، بەڵێنی داوە هەموو رێکارێکی تووند بگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی ئەو "سەرچاوانەی" زانیاری دەدەنە میدیاکان.
ئەم تووڕەییەی ترەمپ دوای ئەوە هات، رۆژنامەکە لە 23ی شوباتدا بڵاویکردەوە، جەنەراڵ دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا هۆشداریی دابووە ترەمپ کە جەنگی ئێران مەترسیی زۆرە و ماوەیەکی درێژی دەوێت، بەڵام ترەمپ تەنیا 5 رۆژ دوای ئەو هۆشدارییە جەنگەکەی دەستپێکرد.
نهێنییەکانی 'ژووری ئۆپەراسیۆن' و تووڕەیی لە نیویۆرک تایمز
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی کۆشکی سپی، ترەمپ بە تایبەتی لە رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) تووڕەیە؛ چونکە رۆژنامەکە لە 7ی نیساندا وردەکاریی ئەو کۆبوونەوانەی بڵاوکردەوە کە تێیدا بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دنەی ترەمپی داوە بۆ بۆردوومانکردنی ئێران.
بابەتی پەیوەندیدار
لەو هەواڵەدا تەنانەت باسی ئەوەش کرابوو کە هەواڵگریی ئەمریکا بە گومانەوە سەیری پێشنیازەکانی نەتانیاهووی کردووە بۆ "گۆڕینی رژێم" لە تاران.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، بە ئاشکرا هەڕەشەی زیندانیکردنی رۆژنامەڤانانی کرد و گوتی، "دەچینە لای ئەو کۆمپانیا میدیاییانە و پێیان دەڵێین: ئەمە ئاسایشی نیشتمانییە؛ یان سەرچاوەکانتان ئاشکرا بکەن یان بڕۆنە زیندان." وەزیری دادیش پشتگیریی ئەم قسانەی کرد و گوتی، ئەگەر پێویست بکات مۆڵەتی پشکنینی ماڵی رۆژنامەڤانانیش وەردەگرن.
پەیوەندیی دۆناڵد ترەمپ و میدیاکان لە ساڵی 2016ـەوە پڕە لە کێشمەکێش، بەڵام ئەم جارە ململانێکە لە "هەواڵی نادروست"ـەوە گۆڕاوە بۆ "تۆمەتی ناپاکی". وەزارەتی دادی ئەمریکا پێشتر رێسای تووندی هەبوو بۆ پاراستنی نهێنییەکانی رۆژنامەڤانان، بەڵام تۆد بلانش، کە پێشتر پارێزەری تایبەتی ترەمپ بووە، ئەو رێسایانەی هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە جەنگی ئەمریکا و ئێران لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی قەیرانێکی گەورەی وزە؛ ئێستا ترەمپ دەیەوێت لەرێگەی بێدەنگکردنی رۆژنامەڤانانەوە، کۆنتڕۆڵی تەواوی جیهانی زانیاری بگرێتە دەست پێش ئەوەی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی نۆڤێمبەردا دەستپێبکەن.
