رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەکی بەهێز لە بازاڕێکی قەرەباڵخ لە باکووری رۆژئاوای پاکستان روویدا و بەهۆیەوە لانیکەم 9 کەس کوژران و 35 کەسی دیکەش بریندار بوون. تەقینەوەکە ترسێکی زۆری لەناو خەڵکدا دروست کردووە و، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی شەڕ و پێکدادانە سنوورییەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستانی هێناوەتە پێشەوە.
ئاژانسی "رۆیتەرز" و میدیاکانی پاکستان بڵاویانکردەوە، تەقینەوەکە رۆژی سێشەممە 12-05-2026 ناوجەرگەی بازاڕی (نەورانگ) لە شارۆچکەی (سەرای نەورانگ) سەر بە ناوچەی (لاکی مەروات) لە ویلایەتی (خەیبەر پەختونخوا) روویداوە.
حەمیدوڵڵا خان، جێگری کۆمیسیاری ناوچەکە، لەناو نەخۆشخانەوە بە میدیاکانی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا تەرمی 9 کەس گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و 35 برینداریش لەژێر چارەسەری پزیشکیدان."
بە گوتەی بەرپرسانی ناوچەکە، لەنێو کوژراوەکاندا 2 کارمەندی پۆلیس هەن. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەقەمەنی لە ناو عەرەبانەیەکدا شاردراوەتەوە و لە کاتی قەرەباڵخیی بازاڕەکەدا تەقێندراوەتەوە.
