رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی پاکستان پەیامێکی گرنگی ئاراستەی تورکیا و قەتەر کرد سەبارەت بە بەشداربوونیان لە "رێککەوتنی ستراتیژیی بەرگریی هاوبەش"، کە بەپێی رێککەوتنەکە هەر هێرشێک بۆ سەر لایەنێکیان، وەک هێرش بۆ سەر لایەنەکانی دیکە هەژمار دەکرێت.
خواجە ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشوازی لە بەشداربوونی تورکیا و قەتەر دەکات لەو رێککەوتنە بەرگرییەی کە لە نێوان ئیسلام ئاباد و ریازدا واژۆ کراوە. گوتیشی: "ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی سیستمێکی نوێ لە ناوچەکەدا کە پشتبەستن بە هێزە دەرەکییەکان بۆ کەمترین ئاست کەمدەکاتەوە."
وەزیری بەرگریی پاکستان جەختی لەوە کردەوە، ئەم هاوپەیمانییە دژی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو ئامانجی پاراستنی ئاشتیی ناوچەیی و بەهێزکردنی ئاسایشی بەکۆمەڵە لە نێوان ئەو دەوڵەتانەی کە "هاوبیر و هاوئاڕاستەن."
بوونی هاوپەیمانییەکی بەرگری لەم جۆرە، هاوتەریبە لەگەڵ دیدگەی دیپلۆماسی تورکیا کە بە "خاوەندارێتی ناوچەیی" دەناسرێت، ئامانج لێی چارەسەرکردنی پرسە ناوچەییەکانە لەسەر دەستی وڵاتانی ناوچەکە. بۆ ئەم مەبەستە تورکیا بەرەی ئەنقەرە-ریاز-ئیسلامئاباد-قاهیرەی پێکهێناوە و تائێستا سێ کۆبوونەوەی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کردووە.
ئەگەریی چوونی تورکیا بۆ ناو رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی نێوان ئیسلامئاباد و ریاز، چەند رەهەندێکی نوێی جیهانی و ناوچەیی دەبێط.
ئەم فراوانبوونە دەبێتە هۆی لەدایکبوونی جەمسەرێکی سەربازی و سیاسیی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیادا، کە تێیدا پێگەی هێز و کاریگەریی ستراتیژیی تورکیا وەک دەوڵەتێکی سەرەکی لەم هێڵەدا بەهێزتر دەکات.
