رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) هۆشداری دەدەن، رەنگە لە هاوینی ئەم ساڵدا بودجەی پێویستیان بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکان نەمێنێت؛ دەشڵێن، جەنگی ئێران و بڵاوەپێکردنی هێزەکان لە سنوورەکانی باشووری ئەمریکا، تەواوی سەرچاوە داراییەکانیانی خاڵی کردووەتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، فەرماندەکانی پێنتاگۆن رایانگەیاندووە، ئەگەر کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی کاتی جەنگ پەسند نەکات، سوپا ناچار دەبێت مەشق و راهێنانی سەربازی و ژمارەیەک کاری لە پێشینەی دیکەی بەرگری کەم بکاتەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی جەنگ، تاوەکو ئێستا تێچووەکانی جەنگی ئێران و ئۆپەراسیۆنە چاوەڕواننەکراوەکانی دیکە لە بودجەی ساڵانەی "کارپێکردن و چاککردنەوە" دابین کراون. ئەم بودجەیە لە بنەڕەتدا بۆ ئەرکی ئاسایی سوپا تەرخان کراوە و بۆ جەنگێکی وەها گەورە و ئۆپەراسیۆنی زیادە نییە، ئەمەش گوشارێکی دارایی یەکجار زۆری خستووەتە سەر وەزارەتەکە.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی جەنگەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 30 ملیار دۆلاریان لە جەنگی ئێران خەرجکردووە.
