رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری عێراق لە کۆمکاری عەرەبی دەڵێت، بەپێی دەستوور رێگە نادرێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئیسرائیل هۆکاری سەرەکیی پشێوییەکانی ناوچەکەیە."
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی نیسانی 2026، قەحتان تەها خەلەف، باڵیۆزی عێراق لە قاهیرە و نوێنەری عێراق لە کۆمکاری عەرەبی، سەرۆکایەتیی شاندی عێراقی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب کرد، کە بە شێوەی ئۆنلاین بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو هێرشانە کراوە کە دەکرێنە سەر وڵاتانی ناوچەکە و لێکەوتە ئەمنییەکانیان.
قەحتان تەها خەلەف لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "حکومەتی عێراق سوورە لەسەر دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ برا عەرەبەکانی، ئەمەش لە دەستووری عێراقەوە سەرچاوە دەگرێ کە بە روونی رێگری دەکات لە بەکارهێنانی خاکی وڵات بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی دیکە.
بابەتی پەیوەندیدار
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست13/05/2026
لە بۆردوومانێکی نوێی ئیسرائیل دا بۆ سەر لوبنان 8 کەس کوژران
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست12/05/2026
دوای زیاتر لە 2800 هێرش؛ ئیمارات وەڵامی سەربازیی ئێرانی دایەوە
"
نوێنەرەکەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە هەر کارێکی لەو شێوەیە ئەگەر بسەلمێندرێت؛ هەروەها باسی لەوە کرد کە "عێراق خۆی رووبەڕووی هێرشی لایەنە جیاوازەکانی جەنگەکە بووەتەوە و چەندین جار دامەزراوەی مەدەنی و سەربازییەکانی سوپای عێراق کراونەتە ئامانج."
نوێنەرەکەی عێراق رایگەیاند: "عێراق پێیوایە ئیسرائیل هۆکاری سەرەکیی ئەو پشێوییەیە کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت" و داواشی کرد کە چاوپۆشی لە ئامانج و سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل نەکرێ کە "هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن".
