رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای (مێرسک)ی دانیمارکی، کە گەورەترین کۆمپانیای گواستنەوەی دەریاییە لە جیهاندا، رایگەیاند، یەکێک لە کەشتییەکانیان بە پاسەوانیی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا توانیویەتی لە تەنگەی هورمز دەرباز بێت. ئەمە یەکەمین هەنگاوی کردەیی واشنتنە بۆ تێپەڕاندنی ئەو گەمارۆیەی ئێران خستوویەتیە سەر رێڕەوە ئاوییەکان.
کۆمپانیاکە ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئایار رایگەیاند، کەشتیی (ئەلایانس فایرفاکس) کە ئاڵای ئەمریکای لەسەرە، لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ئێران لە مانگی شوباتەوە لەنێو ئاوەکانی کەنداودا گیری خواردبوو. مێرسک دەڵێت، "دەرفەتێکیان بۆ رەخسا" تاوەکو بە هاوکاریی سوپای ئەمریکا کەنداو بەجێبهێڵن.
بەپێی راگەیێندراوەکەی مێرسک، کەشتییەکە رۆژی 4ی ئایار بە هاوکاریی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە تەنگەی هورمز دەرباز بووە و گەشتەکەی بێ هیچ رووداوێکی نەخوازراو کۆتایی هاتووە.
بابەتی پەیوەندیدار
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست13/05/2026
لە بۆردوومانێکی نوێی ئیسرائیل دا بۆ سەر لوبنان 8 کەس کوژران
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست12/05/2026
دوای زیاتر لە 2800 هێرش؛ ئیمارات وەڵامی سەربازیی ئێرانی دایەوە
هەروەها جەختیان کردووەتەوە، "هەموو ستافی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکیان نەبووە."
جەنگ لە 28ی شوباتی 2026 بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. تاران لە وەڵامدا تەنگەی هورمزی داخست کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕۆ ئاوییەکانی جیهان و 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای ئەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ تاران گەیشتنە بنبەست، فەرمانی بە هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی دا کە (پڕۆژەی ئازادی) جێبەجێ بکەن و بە هێزی چەک رێگە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان بکەنەوە.
ئەم هەنگاوە نوێیەی سوپای ئەمریکا وەک تاقیکردنەوەیەک دەبینرێت بۆ رادەی کاردانەوەی ئێران و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگێکی رووبەڕوو لە نێوان هەردوولادا.
