رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی سەکسەکییە لە قەزای سەیدا لە باشووری وڵاتەکە بۆ 7 کەس بەرزبووەتەوە. بەرگریی شارستانی لە باشووری لوبنانیش دەڵێ: بەردەوامن لە گەڕان لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا.
بەپێی زانیارییەکانی تیمەکانی فریاگوزاری و رزگارکردن، هێرشەکە گەڕەکێکی نیشتەجێبوونی لە شارۆچکەکە کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.
بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکە گوازراونەتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی و دەستە تەندروستییەکان خەریکی کارەکانی فریاگوزارین.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 7 کەس و 15ی دیکەش بریندارن.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییە سەربازییەکان لەسەر سنوورەکانی باشووری لوبنان بەردەوامن.
بابەتی پەیوەندیدار
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست13/05/2026
لە بۆردوومانێکی نوێی ئیسرائیل دا بۆ سەر لوبنان 8 کەس کوژران
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست12/05/2026
دوای زیاتر لە 2800 هێرش؛ ئیمارات وەڵامی سەربازیی ئێرانی دایەوە
ماوەی چەند مانگێکە ناوچە جیاجیاکان بوونەتە گۆڕەپانی بۆردوومانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، کە بەهۆیەوە سەدان کەس کوژراون و هەزاران دانیشتووی گوندە سنوورییەکانیش ئاوارە بوون.
سەرچاوە مەیدانییە لوبنانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە کاژێرەکانی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر چەند شارۆچکەیەکی باشوور.
هەرچەندە سوپای ئیسرائیل دەڵێت "پێگە و ژێرخانی سەربازی" دەکاتە ئامانج، بەڵام دەسەڵاتدارانی لوبنان جەخت دەکەنەوە کە هێرشەکان ناوچە ئاوەدانەکان دەگرنەوە و زیانی زۆری گیانی و مادییان لێکەوتووەتەوە.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ـی ئاداری 2026ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 2700 کەس.
سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاگربەست، پێکدادانەکان لە باشووری لوبنان بەردەوامن و ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکان چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە و تەنگەی هورمزدا.
