رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل کوژرانی عیزەدین حەداد، فەرماندەی گشتیی کەتیبەکانی شەهید عیزەدین قەسام، باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماسی راگەیاند و بە یەکێک لە "دوا فەرماندە باڵاکان"ـی پلاندانەری هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ناوبرد.
لە بەرامبەردا، حەماس وێرای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، کوشتنەکەی بە "تاوان" ناوبرد و رایگەیاند، ئەمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی نێوەندگیر دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە.
سوپای ئیسرائیل و دەزگەی ئاسایشی ناوخۆ (شین بێت)، رۆژی شەممە 16-05-2026 لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، "دوێنێ، لە هێرشێکدا بۆسەر غەززە، تیرۆریست عیزەدین حەداد لەنێوبرا."
بەرپرسێکی حەماس رایگەیاند: "فەرماندەی باڵا عیزەدین حەداد دوێنێ لە هێرشێکی ئیسرائیلدا شەهید بوو کە شوقەیەک و ئۆتۆمبێلێکی سڤیلی لە شاری غەززە کردە ئامانج." بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیکەی حەماس، حەداد لەگەڵ هاوژین و کچێکیدا کوژراوە.
ئیسرائیل: حەداد بارمتەکانی وەک قەڵخان بەکاردەهێنا
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، حەداد "یەکێک بوو لە دوا فەرماندە باڵاکانی باڵی چەکداریی حەماس کە سەرپەرشتیی پلاندانان و جێبەجێکردنی کۆمەڵکوژیی 7ـی ئۆکتۆبەری کرد."
ئیسرائیل هەروەها دەڵێ: "حەداد سیستمی دەستبەسەرکردنی بارمتەکانی حەماسی بەڕێوەدەبرد و خۆی بە بارمتەکان دەورە دابوو لە هەوڵێکدا بۆ رێگریکردن لە کوژرانی."
ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل کوشتنەکەی بە "دەستکەوتێکی ئۆپەراسیۆنیی گرنگ" ناوبرد و گوتی: "لە هەموو گفتوگۆیەکدا کە لەگەڵ ئەو بارمتانەی دەگەڕانەوە، ناوی تیرۆریستی سەرەکی، عیزەدین حەداد دووبارە و دووبارە دەهاتەوە.
