رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئارسیناڵ و چوار یانەی دیکەی گەورەی ئەورووپا ئارەزووی خۆیان بۆ گواستنەوەی فێدریکۆ ڤاڵڤێردی، ناوەڕاستکاری ئۆرۆگوایی یانەی ریال مەدرید پێشانداوە، دوای ئەوەی دەنگۆی جیابوونەوەی ئەو یاریزانە لە یانە مەدریدییەکە بەهۆی کێشەیەک لەنێو یانەکە بڵاوبووەوە.
میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن ڤاڵڤێردی بەهۆی کێشەیەک لەگەڵ ئۆریلین چوامینی هاوتیپی لە مەشقەکانی رۆژی پێنجشەممەدا، رووبەڕووی پێکان بووە. یاریزانە ئۆرۆگوایییەکە لەنێو ژووری جلگۆڕین خلیسکاوە و سەری بەر مێزێک کەوتووە، دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەیێنراوەتە نەخۆشخانە.
هەرچەندە ڤاڵڤێردی رەتیکردووەتەوە هیچ لێدان و شەڕێک لەنێوانیاندا روویدابێت، بەڵام یانەی ریال مەدرید رێکاری یاسایی بەرامبەر هەردوو یاریزان گرتووەتەبەر و هەر یەکەیانی بەبڕی 500 هەزار یۆرۆ سزا داوە.
پزیشکەکان رایانگەیاندووە ڤاڵڤێردی تووشی زەبری مێشک بووە و پێویستە بۆ ماوەی 10 بۆ 14 رۆژ پشوو بدات. بەو پێیەی دوایین یاریی ریال مەدرید لەم وەرزەدا لە 24ـی مانگی پێنجە، پێشبینی دەکرێت ڤاڵڤێردی چیدی یاریی بۆ یانەکە نەکاتەوە.
