رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی بەردەوامە لە کێشانی نەخشەی گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا، بەتایبەت کە ئێستا لە دوا قۆناخی گرێبەستەکەیدایە لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، کە لە کانوونی یەکەمی 2028 کۆتایی دێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، بڕیارە مێسی دوای وازهێنانی لە یاریکردن، لە ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی کاستێلدێفێڵس نیشتەجێ ببێت، کە هەمان ئەو ناوچەیەیە کە تەواوی ماوە مێژووییەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا تێدا بەسەربرد.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەکردەیی دەستی بە ئامادەکاری بۆ ئەم گەڕانەوەیە کردووە، ئەمەش لە رێگەی زنجیرەیەک وەبەرهێنان کە لە هەفتەکانی رابردوودا ئەنجامی داون. سەرەتا بە کڕینی ئامێری پێشکەوتوو بۆ هۆڵە وەرزشییە تایبەتەکەی دەستیپێکرد، دواتریش یانەی کۆرنێی کڕییەوە کە یەکێکە لە دیارترین یانەکانی پێگەیاندنی یاریزانان لە هەرێمی کەتەلۆنیا.
هەنگاوی کڕینی ئەم یانەیە، کە دەکەوێتە تەنیشت یاریگای ئاڕ سی دی ئی و لە خولی پلە پێنج یاری دەکات، پاڵنەرێکی ستراتیژی لەپشتە. مێسی دەیەوێت ببێتە خاوەنی تیپێکی وەرزشی لە ناوچەی بارسێلۆنا، ئەمەش پڕۆژەیەکە کە پۆڵگا ئامانجییەتی لێیەوە پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ جیهانی تۆپی پێدا بپارێزێت.
