رووداو دیجیتاڵ
ئیملیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی یانەی ئاستۆن ڤێلا، دوای بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆپالیگ لەگەڵ یانەکەی، ئاشکرایکرد بەپەنجەیەکی شکاوەوە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەی ئەنجامداوە.
ئاستۆن ڤێلا لە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگی ئەمساڵ بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە فرایبۆرگی ئەڵمانیی بردەوە و وەک هەمیشە، مارتینێز رۆڵی گەورەی هەبوو لە بەدەستهێنانی نازناوەکە بۆ یانەکەی.
مارتینێزی ئەرجەنتینی ئاشکرایکردووە، لە کاتی خۆگەرمگەرمکردنی پێش دەستپێکردنی یارییەکە، تووشی شکانی پەنجەی دەستی بووە و ناچاربووە پەنا بۆ تیمی پزیشکیی یانەکە ببات، بۆئەوەی بەخێرایی چارەسەری بۆ بکەن، بەرلەچوونە نێو یاریگا.
مارتینێزی تەمەن 33 ساڵان، دەڵێ "ئەمڕۆ لە کاتی خۆگەرمکردندا پەنجەم شکا، بۆ من هەموو شتێکی خراپ شتێکی باشی بەدواوە دێت، هەموو ژیانم بەم شێوەیە بووە و بەردەوام دەبم، ئایا دەبێت نیگەران بم؟ پێشتر هەرگیز پەنجەم نەشکاوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە بەرگەگرتن هەیە و شانازم کە بەرگری لە گۆڵی ئاستۆن ڤێلا دەکەم".
لەکاتێکدا یوری تیلیمانس، ئیمی بوێندیا و مۆرگان رۆجەرز گۆڵەکانی ئەستۆن ڤێلایان تۆمارکرد، مارتینێز بە دوو گەڕاندنەوەی سەرنجڕاکێش تیپەکەی لە گۆڵ لێکران پاراست.
