رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە رێگەی دووسایدی رانیە – دووکان لە پارێزگای سلێمانی بەردەوامە. کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت، مانگی 7 بەشێکی رێگەکە رادەستی حکومەت دەکەن.
پڕۆژەکە ناوی رێگەی (دووکان - چوارقوڕنە)یە، سەرەتای ساڵی 2009 بەردی بناخەی دانرا، بڕیاربوو پڕۆژەکە بە سێ قۆناخ لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە جێبەجێ بکرێ، بەڵام یەک قۆناخیان تەواوکرا و پڕۆژەکە راگیرا، ئەیلوولی 2025 دەستیپێکردەوە.
ئەندازیار محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە کۆمپانیای گەردین کە جێبەجێکاری پڕۆژەکەن، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی مدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی بارانەوە کارەکانمان خاوبوون، بەڵام چەند رۆژێکە بە چڕی کارکردنمان دەستپێکردووەتەوە."
رێگەکە سترایژیییە، جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و قەزای دووکان، بۆ هاتووچۆی نێوان هەولێر و سلێمانیش بەکاردەهێندرێت.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت، "قیرکردنمان دەستپێکردووە، زیاتر لە کیلۆمەترێک چینی یەکەمی قیرکراوە و سەرقاڵی چینی دووەمین، دەمانەوێ تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 50%ی پڕۆژەکە تەواو بکەین.
