رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 20 هەزار بۆ 30 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە و پلانیان هەیە هەناردەکردن لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا زیاد بکەن. دەشڵێت بۆرییە کۆنەکەی هێڵی کەرکووک- بانیاس چاکناکەنەوە و بۆرییەکی نوێ دروست دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی حوزەیرانی 2026 سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیا بیانییەکان کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان جێهێشتووە. سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیرانی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیا بیانییەکان کۆبوونەوە و هان دران بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان. ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان زۆر کەمە و لەنێوان 20 هەزار بۆ 30 هەزار بەرمیلدایە لە رۆژێکدا."
سەلیم روکابی گوتی: "پلانمان هەیە هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی کوردستان-جەیهانەوە زیادبکەین، ئەوەش دوای تەواوبوونی پڕۆژەی دروستکردنی بۆریی بەسرە-حەدیسە، کە توانای هەیە رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە ناوچەکانی باشوورەوە بۆ باکوور بگوازێتەوە، ئەمەش دەرفەتی زیادکردنی هەناردە دەڕەخسێنێت."
سەبارەت بە کێشەی کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: "کۆبوونەوەیەکی فراوان بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی وەزیرانی نەوت، دەرەوە، سامانە سرووشتییەکان، سوپاسالار و نوێنەری کۆمپانیاکان کرا. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەموو ئەو ئاستەنگانە کرا کە رێگرن لەبەردەم دەستپێکردنەوەی کارەکانیان، بەتایبەتی پرسی گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی کۆمپانیاکان. سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کرد سەرجەم خاڵە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن و کۆمپانیاکان دەست بە کار بکەنەوە."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان داوای 20 دۆلار بۆ تێچووی هەر بەرمیلێک نەوت دەکەن، بەڵام لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق (2023، 2024، 2025) تەنیا 16 دۆلار وەک پێشینە دیاری کراوە. گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی راوێژکاریی جیهانی کردووە بۆ ئەوەی بە وردی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان دیاری بکات، پاشان لەنێوان وەزارەتی دارایی، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکاندا یەکلایی بکرێتەوە.
رۆژی 21ی تەممووزی 2025، لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڕیارێکی سەرۆکایەتی بڵاوکرایەوە کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە واژۆ کرابوو. بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو رێککەوتننامەیەی ساڵی 1973 لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا و ساڵی 1975 چووە واری جێبەجێکردنەوە، لەگەڵ تەواوی پرۆتۆکۆڵ و یاداشتەکانی، لە رۆژی 27ی تەممووزی 2026 کۆتایی دێت.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بارەی نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە گوتی: "عێراق و تورکیا لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ. حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت بایەخێکی زۆر بەم پرسە دەدەن و لیژنەیەکی تایبەت بە سەرۆکایەتیی وەزیری نەوت و ئەندامێتیی بەڕێوەبەرە گشتییەکان پێکهێندراوە. تاوەکو ئێستا چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی تورکیا کراوە و گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە رەشنووسی کۆتایی رێککەوتنەکە بەردەوامن."
هێڵی بۆری گواستنەوەی کەرکووک - بانیاس یەکێکە لە کۆنترین و گرنگترین رێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ دەریای نێوەڕاست، کە لە ساڵی 1952 لەلایەن کۆمپانیای نەوتی عێراقەوە دروستکرا.
رێڕەوەکە لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە دەستپێدەکات، بە خاکی سووریادا تێدەپەڕێ و لە بەندەری بانیاس لەسەر دەریای نێوەڕاست کۆتایی دێ. لە سەردەمی زێڕینی خۆیدا، توانای گواستنەوەی رۆژانە 300 بۆ 700 هەزار بەرمیل نەوتی هەبوو.
سەلیم روکابی لەبارەی نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکووک - بانیاس رایگەیاند: "هیچ پلانێک بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆرییە کۆنەکە نییە، چونکە زۆر کۆن بووە و لەکارکەوتووە. لەبری ئەوە، وەزارەت سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ دانانی بۆرییەکی نوێ."
دوای ئەوەی ئێران و ئەمریکا گەیشتنە لێکتێگەیشتن، تەنگەی هورمز کرایەوە کە نزیکەی 90٪ـی نەوتی عێراق بەو تەنگەیەدا هەناردە دەکرێ. گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "هێشتا هاتووچۆی کەشتییەکان وەک سەردەمی پێش شەڕ ئاسایی نەبووەتەوە، بەڵام پڕۆسەی هەناردەکردن لە قۆناخێکی سەرەتادایە و ئێستا کەشتییەک لە بەندەرەکانی باشوور خەریکی بارکردنی نەوتی خاوە."
ئەگەر ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز بە تەواوی نەمێنن و هاتووچۆ ئاسایی ببێتەوە، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەرز دەبێتەوە. پێش دەستپێکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل بوو.
روکابی لەبارەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی سووریاوە باسی لەوە کرد: "هەناردەکردنی نەوت بۆ سووریا لە رێگەی تانکەرەوەیە و بڕەکەی جێگیر نییە، بەڵکو بەپێی ژمارەی تانکەرەکان دەگۆڕێ. فرۆشتنی نەوتەکەش بەگوێرەی نرخی بازاڕە جیهانییەکانە و بڕێک داشکاندنی بۆ دەکرێ."
سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، سەلیم روکابی گوتی: "رۆژانە نزیکەی 1.5 ملیۆن بەرمیلە. ئاستی بەرهەمهێنانی کەرکووکیش جێگیر نییە و لەنێوان 300 بۆ 350 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا. بەشێکی بۆ پاڵاوتنی نێوخۆیی و بەشەکەی دیکەشی لەگەڵ نەوتی بەسرە لە رێگەی تانکەر یان بۆریی باکوورەوە هەناردە دەکرێت."
ماوەیەک قەیرانی بەنزین لە عێراق هەبوو و ریزی درێژ لەبەردەم وێستگەکانی سووتەمەنی دروست بوو. گوتەبێژی وەزارەتی نەوت "هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی بەنزین"ی بۆ وەستانی یەکەی (FCC) لە پاڵاوگەی شوعەیبە لە پارێزگای بەسرە بەهۆی جێهێشتنی کارمەندە بیانییەکانەوە گەڕاندەوە.
لە عێراق سێ جۆر بەنزین دابین دەکرێ: بەنزینی سوپەر: ئۆکتانی 95، بەنزینی موحەسەن: ئۆکتانی 91 و بەنزینی نۆرماڵ: ئۆکتانی 85.
سەبارەت بە بڕی بەرهەمهێنان و پێداویستیی نێوخۆ بۆ بەنزین، سەلیم روکابی گوتی: "بەرهەمهێنان رۆژانە نزیکەی 30 هەزار مەتر سێجایە، بەڵام خواست لەسەری گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. بەرهەمهێنانی گازیش نزیکەی 5 هەزار تۆنە لە رۆژێکدا کە ئەم بڕە لە ئاستی خواستی نێوخۆ زیاترە، بۆیە گازی ماڵان زۆر باشە و هیچ گرفتێکی نییە. بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی ئەم ساڵ، پلانی وەزارەت هاوشێوەی ساڵانی رابردووە و بڕی 200 بۆ 300 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێک تەرخان دەکرێت."
وەزارەتی نەوت لەبارەی گاز و پێداویستیی کارەباوە روونیکردەوە، عێراق ئێستا تەنیا گازی شلی چێشتلێنان (LPG) بەرهەم دەهێنێت کە بڕەکەی پێنج هەزار تۆنە لە رۆژێکدا، بەڵام بۆ وێستگەکانی کارەبا، عێراق هێشتا پێویستی بە هاوردەکردنی گازی وشک (LNG) لە ئێران و وڵاتانی دیکە هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش، حکومەت کاردەکات بۆ بەکارهێنانی وێستگەی گازی گەڕۆک (FSRU) بۆ پڕکردنەوەی کەمیی گاز لە وڵاتدا و روکابی گوتی: "تاوەکو ئێستاش عێراق پێویستی بە هاوردەکردنی گازە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی نێوخۆیی."



