رووداو دیجیتاڵ
نرخی یەک کارتۆن هێلکەی بەرهەمی نێوخۆ 25 هەزار دینار دابەزی. بەڕێوەبەری سامان ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی دابەزینەکە، وەرزی گەرمایە.
تاوەکو سەرەتای مانگی رابردوو کارتۆنێک هێلکە، کە 12 شانەی تێدایە بە 70 هەزار دینار بوو بەکۆ، دووکان و مارکێتەکان یەک شانەیان بە 7000 تاوەکو 7500 دینار دەفرۆشت.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کارتۆنێک هێلکە بە 45 هەزار دینارە بەکۆ، واتا یەک شانە بە 3 هەزار و 750 دینارە".
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان یەک شانە هێلکە، کە 30 دانە هێلکەی تێدایە بە 5000 هەزار دینارە، واتە شەش هێلکە بە 1000 دینارە، لە کاتێکدا پێشتر چوار هێلکە بە 1000 دینار بوو.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخەکە هاتنی وەرزی هاوینە، کە خواست کەم دەبێتەوە لەسەر هێلکە، هەروەها داخستنی قوتابخانەکانیش هۆکارە بۆ زیاتر کەمبوونەوەی خواست لەسەر هێلکە".
هێلکەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی نێوخۆیە. بەگوتەی فیراس سدیق، کەس هێلکە هاوردە ناکات، چونکە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی نێوخۆ زۆرە و نرخەکەی لە وڵاتانی ناوچەکە هەرزانترە.
ئێستا لە رێگەی پڕۆژەکانی نێوخۆوە، رۆژانە 20 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێندرێت. فیراس سدیق گوتی، بۆ ناوخۆ رۆژانە پێویستمان بە 7000 کارتۆنە، واتە 13 هەزار کارتۆن هێلکە لە پێویستی ناوخۆ زیادە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "هێلکە زیادەکە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت."



