رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەناردەکردنی میوە لە تورکیا و باکووری کوردستان، داهاتی حەوت مانگ یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند و هەناردەی ئەو کەرتە 59% زیادیکرد.
بەگوێرەی ئامارەکانی یەکێتیی هەناردەکارانی ئیجە، لەنێوان مانگەکانی کانوونی دووەم بۆ تەممووزی ئەمساڵ، داهاتی هەناردەی میوەی تورکیا و باکووری کوردستان لە 631 ملیۆن و 662 هەزار دۆلارەوە، بۆ ملیارێک و پێنج ملیۆن و 225 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
شارەزایانی بواری کشتوکاڵ لە تورکیا ئاماژە بەوەدەکەن، کەشوهەوا و بارانبارینی پێویست لەم وەرزەدا، بووەتە هۆی زیادبوونی بەرهەم و بەرزبوونەوەی کوالێتیی میوەکان. هەروەها نزیکیی تورکیا لە بازاڕەکانی ئەوروپا و گەیاندنی خێرای بەرهەمەکان بە تازەیی، وایکردووە خواستی وڵاتانی ئەوروپا لەسەر میوەی تورکیا زیادبکات.
ئەڵمانیا گەورەترین کڕیاری میوەی تورکیایە، کە هەناردە بۆ ئەو وڵاتە 80% زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 114 ملیۆن دۆلار. بەڵام گەورەترین بازدانی هەناردە لە بازاڕەکانی ئیسپانیا و پۆڵەندا تۆمارکراوە، کە 318% زیادیکردووە، بۆ پۆڵەندا 295% و بۆ ئیتاڵیاش 203% زیادیکردووە.
گێلاس و قۆخ زۆرترین داواکارییان لەسەرە
هایرەتین ئوچاک، سەرۆکی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی میوە و سەوزەی تورکیا رایگەیاند، میوەکانی وەک گێلاس، قۆخ، شلیک (فراولە) و قەیسی لەسەرووی لیستی ئەو بەرهەمانە بوون کە زۆرترین داهاتیان بۆ وڵاتەکە بەدەستهێناوە.
ئوچاک گوتی: "ئەمساڵ هەم بڕی بەرهەم و هەم کوالێتییەکەی زۆر باش بوو. بازرگانانی ئێمە توانییان بەڵێنەکانیان بۆ کڕیارە ئەوروپییەکان ببەنەسەر و بەرهەمەکان لەکات و ساتی دیاریکراودا بگەیەنن. ئەمەش متمانەی کڕیارانی زیاترکردووە و دەرگای بازاڕی نوێی بۆ کردووینەتەوە."
ئەم ژمارە پێوانەییە نوێیە لەکاتێکدایە پار بەهۆی سەرما و رەشەبای تووندەوە، بەشێکی زۆر لە بەرهەمی میوەکانی تورکیا زیانیان بەرکەوتبوو، بەڵام ساڵی 2024 بە "ساڵی زێڕین" بۆ هەناردەکارانی میوە دادەنرێت. بەهۆی ئەوەی لەم ساڵەدا هەناردەی میوە 816 ملیۆن و 817 هەزار دۆلاری تۆمارکرد.

