رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، هەناردەى رۆژانەى نەوت بۆ دوو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرز بووەتەوە. راشیگەیاند، یەکێک لەو بژارانەى لەبەردەستیان دایە بۆ زیادکردنى هەناردە، راکێشانى بۆرى نەوتى بەسرە – پێشابوورە.
چوارشەممە 26ى ئابى 2026 باسم عەبادى، وەزیرى نەوتى عێراق بە زیاد ئیسماعیل ، پەیامنێرى رووداوى لە بەغدا راگەیاند: "تەنگەی هورمز گرنگە لە پرسی هەناردەی نەوتدا، رێگەیەکی دیکەمان هەیە کە بەندەری جەیهانە، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین بڕی هەناردەی نەوت لە رێگەی جەیهانەوە زیاد بکەین بە نزیکەیی بۆ 700 هەزار بەرمیل، هەروەها بژاری دیکەمان هەیە بەڵام ئەوانە درێژخایەنن کە تایبەتن بە راکێشانی بۆری لە بەسرەوە بۆ پێشابوور و لە حەدیسەوە بۆ بانیاس."
بەهۆى جەنگی ئێرانەوە، هەناردەی نەوتى عێراق لە رێگەى تەنگەى هورمزەوە گرفتى تێکەوت، کە رێگەى سەرەکى هەناردەى زۆرینەى نەوتى عێراق بوو، بەهۆى ئەو دۆخەوە هەناردەى نەوت کەم بووەوە و بەغدا پەناى بۆ بۆریى نەوتى هەرێمى کوردستان برد تاوەکو نەوتەکەی بگەیێنێتە بەندەری جەیهان.
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتى عێراق (سۆمۆ) توانیویەتی هەناردە لە سەرەتای مانگی ئابەوە زیاد بکات بە نزیکەیی بۆ دوو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە. ئەوەشى بە "دەستکەوتێکی گەورە" بۆ وەزارەتەکەى ناوبرد.
بەگوێرەى ئامارێکى سۆمۆ ئەم ساڵ تاوەکو 22ى ئاب 418 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، کە داهاتەکەی 28 ملیار دۆلار بووە.
باسم عەبادى گوتى: "پێشبینی دەکەین قەیرانەکە لە ماوەی کورتدا نەمێنێت و هەناردە بگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕەی پێشتر هەبووە، کە رۆژانە لە نێوان 3.4 ملیۆن بۆ 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بوو."


