رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات کە لە هەر 5 کەس، یەکێکیان لەوانەیە هەڵگری مەترسییەکی شاراوەی بۆماوەیی بێت بۆ نەخۆشییەکانی دڵ، کە لە پشکنینە ئاساییەکاندا دەرناکەوێت.
توێژینەوەکە لە کۆلێژی پزیشکی بایلۆر لە ئەمریکا لەسەر زیاتر لە 20 هەزار کەس ئەنجامدراوە تێیدا دەرکەوتووە چەورییەکی بۆماوەیی بەناوی LP(a) کە کۆڵیستڕۆڵی خوێن دەگوازێتەوە، بە بەرزبوونەوەی لە خوێندا مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکات.
د. سوبهاش بانەرجی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند: "پشکنینە ئاساییەکانی ئاستی کۆلیستڕۆل، رێژەی Lp(a) یان تێدا دەرناکەوێت، پێویستە پشکنینی تایبەتی بۆ بکرێت" بەتایبەت لە گەنجاندا کە بایەخ بە پشکنینی پێشوەختەی بدەن، چونکە دەشێت بۆماوەییانە رێژەی ئەو چەورییە بەرز بێت.
توێژینەوە ئەمریکییەکە دەریخستووە، ئاستی چەوریی Lp(a) کاتێک دەگاتە 125 nmo/L یان زیاتر، مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ، لوولەکانی خوێن و مردن بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاد دەکات.
بە گوێرەی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتیمانی ئەمریکا، نزیکەی 20٪ بۆ 30% لە خەڵکی جیهان ئاستی چەوریی Lp(a) ـیان بەرزە.
پشکنینی چەورییەکان ئەمانە دەگرێتەوە (LDL-HDL-T. Cholestrol- TG) کە هەر کەسێک بیانکات وا پێویستە پێش 10 کاژێر لە پشکنینەکە هیچ خۆراکێک نەخوات بۆ بەرزکردنەوەی وردیی لە ئەنجامی پشکنینەکە.



