رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئیسرائیل لەسەر پیاوان کراوە و دەریدەخات، (ڤیاگرا) کە بۆ لاوازیی سێکسیی پیاوان بەکاردێت، دەشێت رۆڵی هەبێت لە پێشگیریکردن لە شێرپەنجە. بەڵام بە مەرجێك.
توێژەران ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە ئەگەر دەرمانی ڤیاگرا لەگەڵ دەرمانی دابەزاندنی چەوریی کۆلیستڕۆڵ (ستاتینەکان) بەکاربێت، رەنگە رێگری بکات لە بڵاوبوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان.
پڕۆفیسۆر د. ئایەلێت ئێرێز، لە زانکۆی وایزمان دەریخستووە کە خانە شێرپەنجەیییەکان بۆ گەشەکردن و گواستنەوەیان لە جەستەدا پێویستییەکی زۆریان بە کۆلیستڕۆڵ هەیە و تێبینییان کردووە کە دەرمانی ڤیاگرا وا لە کۆلیستڕۆڵەکە دەکات لەناو بەشێکی تایبەتی خانەکەدا بەند ببێت و رێگەی لێدەگیرێت بەکاربهێنرێت.
میکانیزمی دەرمانەکە دژی شێرپەنجە
دەرمانی ڤیاگرا (سیلدینافیل) کار لەسەر راگرتنی کۆلیسترۆڵ لەناو بەشی کۆگاکردنی خانەکەدا دەکات. بەهۆی ڤیاگراوە، کۆلیسترۆڵەکە لەناو خانەکەدا بەند دەبێت و خانە شێرپەنجەیییەکە ناتوانێت بەکاریبهێنێت. بۆ رێگریکردن لەوەی خانە شێرپەنجەیییەکە کۆلیسترۆڵی نوێ بۆ خۆی دروست بکات، دەرمانی ستاتین بەکاردێت. بەم شێوەیە خانە شێرپەنجەیییەکە رووبەڕووی "برسیێتی کۆلیسترۆڵ" دەبێتەوە و توانای جووڵەی نامێنێت. ئەم بەکارهێنانە هاوبەشەی ڤیاگرا و ستاتین، کە رەنگە رێگە لە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە بگرێت.



