رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، هەژەند ''سوپڕایز'' مێشک نوێ دەکاتەوە یاخود ''ریستارت'' دەکاتەوە.
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی براون لە ئەمریکا دەریخستووە، کاتێک مرۆڤ تووشی هەژەند (سوپرایز) دەبێت، مێشکی وەک کۆمپیوتەر خۆی "ریفرێش" دەکاتەوە، ئەمەش یارمەتیی دەدات زۆر خێراتر فێری شتی نوێ ببێت و بڕیاری باشتر بدات.
زانایان بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە، تاقیکردنەوەیان لەسەر 63 کەس کرد و داوایان لێکردن پێشبینیی رەنگی داهاتووی سەر شاشەیەک بکەن. کاتێک رەنگێکی چاوەڕواننەکراو دەرکەوت، بیلبیلەی چاوی بەشداربووان فراوان بوو و شەپۆلەکانی مێشکیان گۆڕا، ئەمەش نیشانەی ئەوە بوو کە مێشکیان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ فێربوونی دۆخە نوێیەکە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، کاتێک شتێکی چاوەڕواننەکراو روودەدات، مادەیەکی کیمیایی بە ناوی "نۆڕئێپینێفرین" کە هۆڕمۆنەکانی گوشارە، لە مێشکدا بڵاو دەبنەوە. ئەم ماددەیە وەک زەنگێکی ئاگادارکەرەوە کار دەکات و بە مێشک دەڵێت کە دۆخەکە گۆڕاوە. لە ئەنجامدا، مێشک واز لە بیرکردنەوە کۆنەکان دەهێنێت و خۆی بۆ وەرگرتنی زانیاریی نوێ ئامادە دەکات.
پڕۆفیسۆر د. مات ناسار، پسپۆڕی دەمارزانی و دەروونناسی لە زانکۆکە دەڵێت "کاتێک مێشک دەزانێت دۆخەکە گۆڕاوە، زانیارییە کۆنەکان لادەبات و خۆی بۆ وەرگرتنی زانیاریی نوێ ئامادە دەکات، ئەمەش وا دەکات خێراتر فێرببێت''.
کۆمەڵەی پسپۆڕانی مێشک و دەمار لە ئەمریکا چەند رێگەیەک بۆ باشترکردنی فەرمانەکانی مێشک و یادگە پێشنیاز دەکات وەکو؛
- خەوی رێک؛ رۆژانە 7 بۆ 8 کاژێر.
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی؛ پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و ئاژەڵ.
- کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی؛ ئەنجامدانی وەرزشەکانی خاوبوونەوە وەکو 'راگرتنی هەناسەدان و هەناسەدانی قووڵ، یۆگا و نوێژ'.
- خۆراکی تەندروست؛ بایەخدان بە خۆراکە پڕۆتینییەکان، چەورییە ناتێرەکان و دژەئۆکسێنەکان.
- بایەخدان بەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا 3.
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول.



