رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی پابەندە بە بڕیاری جێبەجێکردنی سزاکانی سەر ئێران، بۆیە بەنزین لە ئێرانەوە هاوردە ناکات. بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووکیش دەڵێ، تاوەکو ئێستا بەنزینی هاوردە نەگەیشتووە.
سەلیم فەرهود روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 13ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی گرفتی بەنزین، عێراق لە دەرەوەی وڵاتەوە بەنزین لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هاوردە دەکات ".
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکرد: "دەکرێ وەبەرهێنەران و کۆمپانیا تایبەتە رەسەنەکانی دەرەوەی وڵات بەنزین بکڕن و هاوردەی بکەین".
سەبارەت بە هاوردەکردنی بەنزین لە ئێرانەوە، سەلیم فەرهود روکابی گوتی: "عێراق پابەندە بە بڕیارەکانی سەپاندنی سزاکانی سەر ئێران، بۆیە بەنزین لە ئێرانەوە هاوردە ناکات".
بەگوێرەی زانیارییەکانی
رووداو، "بڕیارە لە رێگەی وەبەهێنەرانەوە لە ئوردن و سووریاوە بەنزین هاوردەی
عێراق بکرێ".
رافد سادق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''رووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و کشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکانی سەرپەرشتیاری یەکەی (FCC) لە پاڵاوگەکانی باشوور بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، بووەتەهۆی لەدەستدانی 4 بۆ 5 ملیۆن لیتر لە بەنزینی نمرە یەکی ئۆکتان بەرز.''
بەکاربردنی بەنزین گەیشتووەتە 34.5 ملیۆن لیتر، لە کاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی لەنێوان 30 بۆ 31 ملیۆن لیترە، ئەمەش کورتهێنانێکی 4 بۆ نزیکەی 5 ملیۆن لیتری رۆژانەی دروستکردووە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بە گوتەی رافد سادق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بەنزین هاوردە بکرێ.
عەلی رەبیع، بەڕێوەبەری
کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە 13ی حوزەیرانی
2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەو کورتهێنانەی دروست بووە،
تاوەکو ئێستا گرفتی دابەشکردنی بەنزین لە کەرکووک و پارێزگاکانی عێراق هەیە".
لەگەڵ ئەوەی بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیار بوو سەرەتای هەفتەی رابردوو بەنزینی هاوردە بگات، بەڵام بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک گوتی:" هێشتا رێکارەکانی هاوردەکردنی بەنزین تەواو نەبوون، بۆیە بەنزینی هاوردە نەگەیشتووە".



