رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 ئامادەیی سەرانسەری عێراق دەستیانپێکرد کە زیاتر لە 749 هەزار قوتابی بەشدارن. ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، قوتابیانی پۆلی 12ی خوێندنی کوردی ناوچە کوردستانییەکانیش لە تاقیکردنەوەکان لەگەڵ عێراق بەشدارن.
کاژێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 13-06-2026، تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی قۆناخی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 دەستیانپێکرد. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، 749,454 قوتابی مافی بەشداریکردنیان هەیە.
لەو ژمارەیە، 662,320 قوتابی لە بەشە ئەکادیمییەکان (زانستی و وێژەیی) و 87,134 قوتابیش لە خوێندنی پیشەیی تاقیکردنەوە دەدەن. بۆ ئەم مەبەستەش 5,085 بنکەی تاقیکردنەوە تەرخان کراون کە 4,278 بنکەیان بۆ بەشە ئەکادیمییەکان و 807 بنکەشیان بۆ خوێندنی پیشەیین.
سەبارەت بە دۆخی قوتابیانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، چیمەن حوسێن سورچی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قوتابیانی پۆلی 12ی خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەشدارن لە تاقیکردنەوەکان. ئەو قوتابیانە پرۆگرامی خوێندنیان سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام تاقیکردنەوەکانیان لەلایەن لیژنەی تایبەت سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێ و پرسیارەکانیان بۆ دادەنرێ."
وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی ناوخۆ، تەندروستی و کارەبا کراوە بۆ دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ قوتابیان و رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی گزی لە رێگەی ئامێری پشکنینی ئەلیکترۆنییەوە.



