رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی تەکنیکیی وەزارەتی بەرگریی عێراق راپۆرتی خۆی بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەرزدەکاتەوە لەبارەی دانانی سیستمی بەرگری ئاسمانی و دژە درۆن لەکێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەندامێکی کوردی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رەتیکردەوە هێزی عێراقی کێڵگە نەوتییەکان بپارێزن و دەڵێ، پێشمەرگە ئەو کێڵگانە دەپارێزێت.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 21ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو شاندە تەکنیکییەی رۆژی پێنجشەممە سەردانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو، راپۆرتێکی خۆی ئامادە دەکات و رادەستی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی دەکات، بۆ دەستکردن بە رێکارەکانی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی پێویستییەکانی دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دژەدرۆن.
بەگوتەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری پێویست بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو لیژنە تەکنیکییە ئەو خاڵانە دیاری دەکات کە پێویستیان بە دانانی سیستمی دژەئاسمانی و دژەدرۆنی هەیە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رەتیکردەوە هیچ هێزێکی عێراقی بێتە کێڵگە نەوتییەکان و گوتی، "ئەو کێڵگانە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە دەپارێزرێن." هەروەها گوتی، ئەو هێزانە مەشق و راهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی ئەو سیستمە پێدەکرێت و پرۆسەکە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ سوپای عێراق دەبێت و سیستمەکە سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکییە.
رۆژی پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026 شاندە تەکنیکیەکە بە سەرۆکایەتی فەریق روکن سەعد عەلی عاتی، یاریدەدەری سوپاسالاری عێراق بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان گەیشتە هەرێمی کوردستان.
شاندەکە لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا و دواتر بەرەو کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن.
پێش ئەوەش، رۆژی یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سەربازی گەیشتە هەولێر و بابەتی سەرەکیی چۆنیەتیی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بوو.
هەموو ئەمانەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی 03-06-2026، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری نوێنەرانی کۆمپانیاکانی نەوت سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوە؛ مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرسی نەوت، زیادکردنی بەرهەمهێنان، زیادکردنی هەناردەکردن و گەرەنتیی پاراستنی کۆمپانیاکانی نەوت بوو.
کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان داوای گەرەنتیی پاراستنیان کردبوو بۆ ئەوەی دەست بە زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت بکەنەوە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە و سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر داواکەیان دەربڕیبوو لەو سۆنگەیەوە هەنگا و رێکارەکان دەستیانپێکرد.



