رووداو دیجیتاڵ
روانگەی عێراقی سەوز، هۆشداری دەدات لە خراپیی بەڕێوەبردنی پاشماوە پزیشکییە مەترسیدارەکان کە بە گوتەی ئەو دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئایدز و شێرپەنجە لە عێراق و رایگەیاند، رۆژانە نزیکەی 40 تۆن پاشماوەی پزیشکی لە نەخۆشخانە و نۆرینگەکانەوە فڕێدەدرێت، کە بەشێکی زۆریان بەبێ چارەسەرکردن تێکەڵی ژینگە دەبن؛ ئەندامێکی روانگەکە دەڵێت، دۆخی هەرێمی کوردستان لەچاو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق زۆر باشترە.
عومەر عەبدولەتیف، ئەندامی روانگەی عێراقی سەوز ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی تازەترین راپۆرتی روانگەکەیان، بڕی بەرهەمهێنانی پاشماوەی پزیشکیی مەترسیدار لە عێراق رۆژانە لە نێوان 20 بۆ 40 تۆندایە. مانگانە تەنیا 400 بۆ 500 تۆن پاشماوە بە شێوەیەکی فەرمی چارەسەر دەکرێت، ئەمەش واتای ئەوەیە کە بڕێکی زۆری پاشماوەکان لە دەرەوەی چاودێری و سیستمی فەرمی دەمێننەوە.
روانگەی عێراقی سەوز کە تایبەتە بە گرنگدان بە پرسەکانی ژینگە، ئاو، گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، 30% بۆ 40%ـی کۆی پاشماوە پزیشکییەکان لە شارە گەورەکاندا، لەلایەن نۆرینگە، تاقیگە و کۆمەڵگە پزیشکییە ئەهلییەکانەوە بەرهەم دەهێندرێن، کە هیچ سیستمێکی جیاوازیان بۆ کۆکردنەوە و لەناوبردنی پاشماوەکانیان نییە.
ئەندامەکەی روانگەی عێراقی سەوز ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت چاودێرییەکی توند بخرێتە سەر هەموو نۆرینگە و نەخۆشخانە حکومییەکان و ئەهلییەکان، کە زۆرترین سەرنج لەسەر نەخۆشخانە ئەهلییەکانە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ساڵانە نزیکەی 19.7 ملیۆن تۆن پاشماوەی رەق لە عێراقدا دەگوازرێتەوە بۆ شوێنەکانی لەنێوبردنی خۆڵ و خاشاک، بەڵام رێژەی دووبارە بەکارهێنانەوەیان (ریسایکلین) لە 0.1% تێپەڕ ناکات.
سەبارەت بە شێوازی فڕێدانی ئەو پاشماوە مەترسیدارانە، روانگەی عێراقی سەوز رایگەیاندووە، نەبوونی هاوئاهەنگی و بەڕێوەبردنی تەندروست، وایکردووە پاشماوەکان بە دوو رێگەی مەترسیدار فڕێ بدرێن: یەکەم، تێکەڵکردنیان لەگەڵ پاشماوەی ئاسایی و سووتاندنیان لە هەوای کراوەدا و لە نزیک گەڕەکەکان و دووەم: رشتنی پاشماوە شل و کیمیاییەکان بۆ نێو تۆڕەکانی ئاوەڕۆ و رووبارەکان، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی پیسبوونی ئاوی دیجلە و فورات و زیادبوونی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و پەککەوتنی گورچیلە.
راپۆرتەکە هۆشداریی داوە کە سووتاندنی ئەم پاشماوانە گازی ژەهراوی وەک "دیۆکسین" و "دووەم ئۆکسیدی کبریت" بەرهەم دەهێنێت. هەروەها کرێکارانی شارەوانی و ئەو کەسانەی پاشماوەکان کۆدەکەنەوە، لە مەترسیی تووشبووندان بە نەخۆشییەکانی وەک هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی و ئایدز، بەهۆی بەرکەوتنیان بە سرنج و ئامێرە پزیشکییە تیژ و پیسبووەکان.
عومەر عەبدولەتیف گوتی، چەند جار قسەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەتی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەبارەی لەنێوبردنی ئەو پاشماوانە بە شێوەیەکی زانستییانە کردووە، بەڵام پاساویان نەبوونی بودجەی پێویستە.
روانگەی عێراقی سەوز داوای کردووە، بودجەی پێویست بۆ دامەزراندنی سیستمێکی پێشکەوتووی لەناوبردنی پاشماوەکان تەرخان بکرێت، سووتێنەرە کۆنەکان لاببرێن و چاودێرییەکی توندیش بخرێتە سەر نۆرینگە و تاقیگە ئەهلییەکان بۆ جیاکردنەوەی پاشماوەکانیان و رێگری لە رشتنی ژەهرەکان بۆ نێو خاک و ئاوە ژێرزەوییەکان.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ئەندامەکەی روانگەی عێراقی سەوز، ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی هەرێمی کوردستان لەچاو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق زۆر باشترە، چاودێرییەکی توند بەسەر نۆرینگە و نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکان هەیە.


