رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، لەنێو ماڵی بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردندا، دەستیان بەسەر بڕی نزیکەی نۆ ملیار دینار و حەوت قاڵبی زێڕ و بڕێکی زۆر خشڵدا گرت.
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 16-08-2026 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی بەغدا دوای بەدواداچوون و چاودێرییەکی ورد، توانیویانە لە چەند خانوویەکی تۆمەتبار (خالید غەزای عەتیە)، بریکاری وەزارەتی کارەبا، ئەو بڕە پارە و زێڕانە بدۆزنەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پارە دەستبەسەرداگیراوەکان پێکدێن لە: یەک ملیار و 175 ملیۆن دیناری عێراقی و پێنج ملیۆن و 839 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
جگە لەو پارانە، دەست بەسەر حەوت قاڵبی زێڕ و بڕێکی زۆر خشڵ و زێڕی دیکەشدا گیراوە.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بەرپرسە کە پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، تۆمەتبارە بە دۆسیەکانی گەندەڵی و "کەڵەکەبوونی سامانی نایاسایی." سەرجەم ئەو بڕە پارە و زێڕانە رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراون بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.
رۆژی هەینی، 14ـی ئابی 2026، هێزێکی ئەمنیی سەر بە دەستەی دەستپاکی، خالید غەزای عەتیە، بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردنیان دەستگیرکرد.
دەستگیرکردنەکە وەک بەشێک لە "هەڵمەتی بەرەبەیان" دەبینرێت کە حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەستیپێکردووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبای عێراق، داوای لە دەستپاکی کردبوو وردبینی لە دارایی هەموو ئەو وەزیر و بەرپرسە باڵایانە بکات کە لە ساڵی 2005ـەوە تاوەکو ئێستا لە وەزارەتەکەدا پۆستیان هەبووە.
خالید غەزای عەتیە کێیە؟
تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکە یەکێکە لە بەرپرسە دێرینەکانی وەزارەتی کارەبای عێراق، لەدایکبووی 1973ـی پارێزگای ئەنبارە.
بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی میکانیک هەیە، لە ساڵی 1998ـەوە لە وەزارەتی کارەبای عێراق دامەزراوە.
پۆستەکانی لە وەزارەتی کارەبای عێراق
لێپرسراوی هۆبە و بەشی هێڵەکان بووە لە ناوچەی نێوەڕاست و ئەنبار.
لە ساڵی 2014 بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی وزەی فوراتی باڵا، لە ساڵی 2018ـەوە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی وزەی ناوچەی باکووری وەرگرتووە.
نوێنەری وەزارەتی کارەبای عێراق بووە لە لیژنەی هاوبەشی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەڵمانیا.
خالید غەزای هەروەها سەرپەرشتیاری دابینکردنی وزەی کارەبا بووە بۆ پارێزگای ئەنبار و رێپێدراو بووە بە هەموو دەسەڵاتە کارگێڕییەکان و تەکنیکییەکانی وەزیر بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیەیە.

