رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق رایدەگەیێنێت، ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ لە عێراق لەدایک دەبن؛ گەشەی ساڵانەی دانیشتووان لە عێراق کەمی کردووە، بەڵام هێشتا بەراورد بە تێکڕای جیهانی لە ئاستێکی بەرزدایە.
رۆژی یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، د. مەهدی عەلاق، راوێژکاری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون بۆ ساڵی 2024 دەری خستووە کە تێکڕای گەشەی ساڵانەی دانیشتووان لە عێراق گەیشتووەتە 2.51%."
بە گوتەی عەلاق، ئەم رێژەیە دابەزینی بەخۆوە بینیوە، چونکە دە ساڵ لەمەوبەر تێکڕای گەشەی ساڵانە لە دەوروبەری 3% بوو، بەڵام ئەم رێژەیە هێشتا زۆر بەرزترە لە تێکڕای گەشەی دانیشتووان لە جیهاندا کە ساڵانە تەنیا 1.1%ـە.
سەبارەت بە تێکڕای منداڵبوونی ژنانیش، راوێژکارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، کە تێکڕای منداڵبوون بۆ هەر ژنێکی عێراقی بە 3.1 منداڵ دەخەمڵێندرێت؛ ئەمە لە کاتێکدا لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو شەش بۆ حەوت منداڵ بوو.
مەهدی عەلاق گوتی: "ئەو رێژەیە لە هەرێمی کوردستان کەمترە لە تێکڕای نیشتمانیی عێراق و بۆ هەر ژنێک 2.8 منداڵە." هۆکارە سەرەکییەکەشی بۆ "ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاریی ژنانی هەرێمی کوردستان لەچاو ژنانی ناوەڕاست و باشووری عێراق" گەڕاندەوە.
مەهدی عەلاق باسی لەوەش کرد کە ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ لە عێراق لەدایک دەبن، بەڵام گوتیشی: "ئاماژە هەرە گرنگەکە لە ژمارەی رەهای لەدایکبوواندا نییە، بەڵکو لە دابەزینی تێکڕای منداڵبوونی ژناندایە کە روو لە کەمییە."


