رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای کەربەلا داوا دەکات کارکردن بە سیستمی رادار و پێبژاردنەکانی هاتووچۆ رابگیرێت، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گشتیی عێراق دەڵێت، تەنیا ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی ئەو بڕیارەی هەیە.
دوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی، ئەنجوومەنی پارێزگای کەربەلا چەند بڕیارێکی لەبارەی سیستمی رادار و پێبژاردنەکانی هاتووچۆ دەرکرد. ئەنجوومەنەکە داوای کردووە نووسراوی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ ئەوەی، "کارکردن بە پێبژاردنەکانی هاتووچۆ رابگیرێت تاوەکو ئەو کاتەی سیستمەکە لە هەموو پارێزگاکان بە یەکسانی جێبەجێ دەکرێت. هەروەها سەرجەم ئەو پێبژاردنانەی لە ماوەی رابردوودا تۆمارکراون، بسڕدرێنەوە."
ئەنجوومەنەکە داوا دەکات، "سکاڵای یاسایی لە دژی بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی عێراق تۆمار بکرێت هەروەها هاوکاریی یاسایی پێشکەشی هاووڵاتییان بکرێت بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان.
"
لە بەرامبەردا، عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە وەک وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ، دامەزراوەیەکی فیدراڵین و تەنیا پابەندی بڕیارەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانین."
عەقید حەیدەر شاکر گوتی، "بڕیاری سڕینەوەی پێبژاردنەکان یان راگرتنی سیستمی رادار، لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگادا نییە و تەنیا لەڕێگەی سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆوە دەبێت." گوتیشی: "ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکرێتەوە کە بڕیارەکە هەڵوەشاوەتەوە، ورد نییە و تەنیا پێشنیازێکە بۆ بەغدا."
ئەم کێشەیە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە شۆفێران لە پارێزگای کەربەلا و چەند پارێزگایەکی دیکە، ناڕەزایەتییەکی زۆریان بەرامبەر سیستەمی نوێی رادارەکان دەربڕی و بە "ناپەروەردەرانە" و "بارگرانی بۆ سەر شانی هاووڵاتییان" وەسفیان کرد، بەوپێیەی لە هەندێک شوێن هێماکانی هاتووچۆ و دیاریکردنی خێرایی نین.