رووداو دیجیتاڵ
لەنێو ماڵی شیعە، گفتوگۆ لەبارەی کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپەکانی دەرەوەی دەستەی حەشدی شەعبی و چارەسەری چەکە قورسەکانی هەندێک لە گرووپەکان هەیە؛ بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن: "ئەوەی هەیە دانانی چەک نییە، بەڵکو کۆنترۆڵکردنیەتی و لەژێر گوشاری دەرەکیشدا نەبووە."
ئەو بێدەنگییەی لە 8ـی نیسانی ئەم ساڵەوە، باڵی بەسەر گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراقدا کێشاوە، لەخۆڕا نەبووە، ئاگربەستێکی رانەگەیێندراو و ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئەوان و سوپای ئەمریکادا هەیە: "هەڕەشە نەکەن، هێرش ناکەین".
چارەسەری ئەو گرووپە چەکدارانە کە نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بۆ ئەمریکا جێی بایەخە، کە بەشێکە لە وێنە گەورەکەی ململانێی واشنتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە 28ـی شوباتەوە بە قۆناخی جەنگ و دواتر ئاگربەست تێپەڕی.
ئەو پرسە بۆ حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زێدی ئاڵنگارییەکی قورسە بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان لەنێو ماڵی شیعە کە زۆرینەی پێکهێنەری حکومەتەکەن.
عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم و یەکێک لە 12 سەرکردەکەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە رووداوی گوت: "گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان حکومەت و ئەو گرووپە چەکدارانە هەیە کە لە دەرەوەی چەتری دەستەی حەشدی شەعبین. قۆناخی یەکەم رێککەوتن کرا کە هێرشەکانیان رابگرن و ئەوە جێبەجێ کراوە، قۆناخی دووەم ئەوەیە چەک سنووردار بکرێت لەدەستی دەوڵەت، نەک چەکدانان."
بەر لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئەمریکا چەند جارێک بە ئاشکرا هۆشداری دایە لایەنە عێراقییەکان بەوەی رێگە نادەن گرووپە چەکدارەکانی وابەستەی ئێران کە بەردەوامن لە هێرشەکانیان، بچنە نێو ئەو حکومەتە.
عامر فایز رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ سێ بۆ چوار گرووپی چەکداری دەرەوەی حەشدی شەعبییە و لێکتێگەیشتن هەیە، بۆ ئەوەی بچنە نێو ئەو دەستەیەوە و چاوەڕوان دەکرێت دوای جەژنی قوربان بگەنە رێککەوتنی کۆتایی. بە گوتەى ئەو بڕیارەکە پەیوەندیدارە بە عێراقەوە و لەژێر گوشاری دەرەکیدا نەکراوە.
گرووپە چەکدارە شیعەکان لەنێو گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" و بە ناوی دیکەشەوە کاریان دەکرد، ئامانجیان هاوکاریکردنی ئێران بوو لەو گوشارە سەربازییەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگدا لەسەری دروستیان کردبوو.
ئەو گرووپانە لە ماوەی 40 رۆژی جەنگدا 841 هێرشیان لەناو عێراق و ناوچەکە بۆ پاڵشتى ئێران کردبوو.
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە رووداوی رایگەیاند: "یەکێک لەو پرسانەی کە تاوتوێ دەکرێت چارەسەری چەکە قورسەکانە، کە بەدەست دەوڵەتەوە بێت، لەگەڵ شێوازی پەیوەندیی گرووپەکان لەگەڵ حکومەت."
درۆن و مووشەکی دروستکراوی ناوخۆیی یەکێک لە چەکە بەهێزەکانی دەستی گرووپە چەکدارەکان بوو لەو هێرشانەی کە لەدژی نێردە دیپلۆماتییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردیان.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە رووداوی گوت:"ئەوەی ئێستا هەیە گفتوگۆیە لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک نەک دانانی، بۆ ئەوەی دواتر ئەو گرووپە چەکدارانە لەنێو دامەزراوەیەکی نوێی ئەمنیدا جێگەیان بکرێتەوە کە دواتر دادەمەزرێت".
ئەو دامەزراوە نوێیە لەنێوان حکومەت و هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکان جێگەی گفتوگۆیە، کە جگە لە حەشدی شەعبی، هێزەکانی دیکەی وەک دژەتیرۆر و ئاسایشی نیشتمانی بگرێتەوە و راستەوخۆ وابەستەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بن.
هێشتا گرووپە چەکدارەکان بەرچاویان روون نییە لەبارەی ئایندەی ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی چارەسەرییان دەکرێت.
کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بە رووداوی رایگەیاند: "ویست هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە لەنێوان حکومەت و بەشێک لە هێزە شیعەکان، بەڵام دەربڕینە دروستەکە کۆنتڕۆڵکردنی چەکە نەک دانانى". گوتیشی: "ئەو چەکانە بۆ دژایەتیی دەستدرێژیی داگیرکەران هەن و عێراق ئێستا ناتوانێت رێگری لە بەزاندنی سەروەرییەکەی بکات، لەلایەن ئەمریکا و قەوارەی زایۆنییەوە".
