رووداو دیجیتاڵ
رێی هەولێر - کۆیە بووە گۆڕەپانی رووداوێکی هاتووچۆی تراژیدی؛ تەنکەرێکی پڕ
لە گەچ بە خێراییەکی زۆرەوە لە رێرەوی خۆی دەرباز بوو و خۆی بە کاروانێک
ئۆتۆمبێلدا کێشا. شایەتحال و زیانلێکەوتووانی رووداوەکە بە ترسەوە باس لە چرکەساتی رووداوەکە
دەکەن. محەممەد عومەر، شایەتحاڵێک لە شوێنی رووداوەکە بە رووداوی گوت:
"ترێلەکە زۆر خێرا بوو، من بەدوای ئەوەدا بووم خۆم رزگار بکەم."
سەرباری ئەوەش، قادر عەلی کە یەکێکە لە بریندارەکان، لەسەر تەختی نەخۆشخانە
بە رووداوی راگەیاند: "ترێلەکە بەرەوڕووی ئێمە هات، بە زەحمەت خۆمان لێ لادا
و دەربازمان بوو، بەڵام هاوڕێکەم کە شۆفێر بوو بریندار بوو."
هاوکات دڵدار ئیسماعیل، زیانلێکەوتوویەکی دیکەی رووداوەکە لەبارەی چۆنیەتیی
دروستبوونی کارەساتەکەوە بە رووداوی گوت: "سەرقاڵی ئاودانی دارەکان بووم، هەر
ئەوەندەم بینی ترێلەیەک ئاگری لێ هەستا و بەرەوڕوومان هات، خۆی بە دوو ئۆتۆمبێلی
ئێمەدا کێشا."
لە کۆی 8 ئۆتۆمبێل کە بەر رووداوەکە کەوتوون، 4یان بە تەواوی سووتان.
پۆلیسی هاتووچۆ تیژڕەوی و نەمانی ئیستۆپ بە هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە دەزانێت.
عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆ لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە بە
رووداوی راگەیاند: "ترێلەکە زۆر خێرا بووە و ئیستۆپی نەماوە، لە سایدی خۆی
دەرچووە و چووەتە سایدی بەرامبەر و چوار ئۆتۆمبێل سووتاون."
شۆفێری بارهەڵگرەکە گەنجێکی تەمەن 26 ساڵانە و خەڵکی کەلارە؛ بەهۆی
رووداوەکەوە تووشی خوێنبەربوون بووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
ساڵح کەریم، باوکی شۆفێری ترێلەکە لەبارەی کوڕەکەیەوە بە رووداوی گوت:
"کوڕەکەم ئەمڕۆ باری بارکردووە بۆ هەولێر، ئۆتۆمبێلەکە هی خۆی نییە و خۆی
شۆفێرە، ئێستا بریندارە و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێرە."
لەلایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنییەکان ڕێکاری یاساییان گرتووەتە بەر. موقەدەم
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی بە رووداوی راگەیاند: "پۆلیسی
هەولێر شۆفێری ترێلەکەیان دەستگیرکردووە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە."
لە ئەنجامی رووداوەکەدا 7 کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا؛ دۆخی
تەندروستیی 3 لە بریندارەکان خراپە.
دکتۆرە نورجیهان عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری لەبارەی دۆخی
بریندارەکانەوە بە رووداوی گوت: "بریندارەکان چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە،
سێیان دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە و رەوانەی تەواریی رۆژئاوا کراون."
ئەنوەر محەممەد، کە کاسبکارێکە و لە رووداوەکەدا بریندار بووە، بە رووداوی
راگەیاند: "من بەفر دەفرۆشم لەسەر شەقام، هەر ئەوەندەم بینی خۆی پێمدا
کێشا."
لە نێو قوربانییەکاندا، عەلی عەبدوڵڵای تەمەن 66 ساڵان کە فەرمانبەری
شارەوانیی شارەزوور بوو، بۆ راییکردنی معاملەی خانەنشینییەکەی هاتبووە هەولێر،
بەڵام لە رێی گەڕانەوەدا لەم رووداوەدا گیانی لەدەستدا.

