رووداو دیجیتاڵ
نۆزدە گەنجی کورد لە رێی پرۆگرامەکانی (CSC) و (MOFCOM) کە ساڵانە
کۆنسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر پێشکەشی دەکات، توانیویانە زەمالەی خوێندنی باڵا
لە حکومەتی چین بەدەستبهێنن تاوەکو هەنگاو بەرەو جیهانی زانست و تەکنەلۆجیا بنێن.
خوێندکارە سەرکەوتووەکان هیوا و ئامانجی گەورەیان بۆ پەرەپێدانی
تواناکانیان هەیە. محەمەد سابر، خوێندکارێکی وەرگیراو لە پرۆگرامەکە بە رووداوی
راگەیاند: "لە هەموو عێراق وەک نوێنەری کوردستان هەڵبژێردراوم کە ماستەر لە
زانکۆی بەیجینگ بخوێنم؛ ئەمە بە دەرفەتێکی زۆر باش دەبینم و حەز دەکەم لە
داهاتوودا کارەکتەرێکی چالاکی گۆڕانکارییەکان بم."
هاوکت هەماهەنگیی دامەزراوەیی رێی بۆ خوێندکاران ئاسان کردووە. نگین
محەمەد، خوێندکارێکی دیکەی زەمالەکەیە و بە رووداوی گوت: "بە خۆشحاڵییەوە
باڵیۆزخانە، کۆنسوڵخانە، هەرێمی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا زۆر هاوکارییان
کردین بۆ وەرگرتنی ئەم زەمالەیە و کارئاسانیی تەواویان بۆ کردین، ئێمەش توانیمان
ببین بە خوێندکاری دکتۆرا لە وڵاتی چین."
لەبارەی گرنگیی ئەم ئاڵوگۆڕە ئەکادیمییە، هاوژین محەمەد، خوێندکار لە هەمان
پرۆگرام بە رووداوی راگەیاند: "چوونی هر کوردێک بۆ ئەو وڵاتە دەتوانێت کەسێکی
بەهێز کە باوەڕی بە خۆی هەبێت دروست بکات و بگەڕێتەوە کوردستان تاوەکو خزمەتێکی
جیاوازتر بکات."
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، 45 گەنج لە هەرێمی کوردستان لەم پرۆگرامە
سوودمەند بوون و بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان بەدەستهێناوە.
د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە
وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی دەرفەتی کاری دەرچووان بە رووداوی گوت:
"خۆشبەختانە زۆربەی زۆریان پێش ئەوەی خوێندن تەواو بکەن کاریان دەست دەکەوێت؛
بەشی زۆریان لەو کۆمپانیایانەی لەگەڵ چین مامەڵە دەکەن و کاری بازرگانی دەکەن
دامەزراون، بەشێکیشیان لە خوێندنی باڵا، پەروەردە و فێرکردنی زمانی چینی کار
دەکەن."
ئەوانەی بۆ خوێندن دەچنە چین زۆرینەیان خواستیان لەسەر زانستی کۆمپیوتەر و
ئەندازیاریی سۆفتوێرە.
لیو جیون، کۆنسوڵی گشتیی چین لە هەولێر لەبارەی ئامانجی ڕێکخستنی زەمالەکان
بە رووداوی راگەیاند: "ئەم بەرنامەیە سەرنج دەخاتە سەر پێشکەوتنی وڵاتان و
نەوەی گەنج؛ بۆیە هەموو ساڵێک پێشبڕکێیەکی جیهانی بەڕێوەدەچێت تاوەکو خەڵک لە
وڵاتانی دیکەوە رکابەری بکەن. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە قۆناغی پیشەسازی و
نوێگەریدایە، بۆیە ئەگەر گەنجان بگەڕێنەوە و فێری تەکنەلۆجیای بەرز و ئەندازیاری
ببن، وەک ژیریی دەستکرد، وزەی خۆر، یان ئۆتۆمبێلی کارەبایی و وزەی نوێ، ئەوا
بەڕاستی ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکەن."
لە چوارچێوەی هاندانی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی باڵا،
ئەمساڵیش کۆنسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر لە رێی پرۆگرامی تایبەتەوە دەرفەتی بۆ
19 گەنج رەخساند، کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا دەست بە قۆناغێکی نوێی ئەکادیمی
بکەن.

