رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دادگاییکردنی 12 کەس لە گیرکراوانی دۆسیەی "لالەزار" لە سلێمانی بەڕێوەچوو؛ پارێزەرێکی گیراوان دەڵێت، شایەتحاڵێک لە بەردەم دادوەردا دانی بەوەدا ناوە، کە "لەژێر ئەشکەنجەدا" لاهوور شێخ جەنگی تۆمەتبار کردووە و ئێستا هەموو قسەکانی رەتکردووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026، دانا تەقیەدین، یەکێک لە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییکردنی 12 کەس لە دەستگیرکراوانی دۆسیەی لالەزار بەڕێوەچوو، کە بەپێی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێن. لە دانیشتنەکەدا گوتەی دوو لە تۆمەتباران خوێندرایەوە و شایەتێکیش ئامادەبوو."
لەبارەی گوتەی شایەتەکە، پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی گوتی، ئەو کەسە پێشتر پاسەوانی رێبواری حەمەی حاجی غالی بووە، لەبەردەم دادگادا گوتوویەتی: "پێشتر لەژێر ئەشکەنجەدا ناچاریان کردووم قسە بکەم و بڵێم کە هەندێک شتم بە لاهوور شێخ جەنگی داوە، بەڵام ئەمڕۆ لە دادگەدا گوتی کە ئەو قسانەی تەنیا لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا کردووە و هیچ شتێکی بە ئەوان نەداوە و شتی بۆ نەگواستوونەتەوە.
