رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان رایدەگەیێنێت، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان، مانگانە پێویستییان بە زیاتر لە 110 هەزار بوتڵ گازی شلە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە پشکی گازەکەیان لە کەرکووکەوە دێت نەک کێڵگەی کۆرمۆر.
یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە سنووری گەرمیان 12 کارگەی گازی شلمان هەیە. مانگانە 72 بارهەڵگر گازی شلمان بۆ دێت کە دەکاتە نزیکەی 95 هەزار و 600 بوتڵ، بەڵام ئەم بڕە بەشی پێداویستییەکان ناکات."
سەبارەت بە دابەشبوونی ئەو بڕە گازە، یادگار فەتاح روونی کردەوە کە رۆژانە نزیکەی 1000 بوتڵ بۆ شوێنە بازرگانییەکانی وەک نانەواخانە، چێشتخانە، فەرمانگەکان و بەشە ناوخۆییەکان دابین دەکرێت.
بەگوتەی بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان، لە سنوورەکەدا نزیکەی 85 هەزار خێزان هەن (45 هەزار خێزانی دانیشتووی سنوورەکە و 40 هەزار خێزانی مادەی 140).
