رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی راپرسییەکی نوێ لە 16 پارێزگای باکووری کوردستان دەریدەخات، رێژەی بایکۆت و دوودڵیی دەنگدەران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە؛ هەروەها زۆرینەی بەشداربووان پێیانوایە پرسی ئابووری لە پێشینەی کێشەکانی تورکیادایە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی (SAMER) راپرسییەکی لە نێوان 2 بۆ 5ی ئایاری 2026، لە 16 پارێزگای باکووری کوردستان (ئامەد، روها، وان، ئێلیهـ، مێردین، شرنەخ، ئاگری، سەمسوور، مووش، سێرت، بەدلیس، جۆلەمێرگ، قەرس، چەولیگ، دێرسیم و ئیدر) کردووە، کە 1506 کەس بەشدار بوون.
ئابووری یان پرسی کورد؟
بەگوێرەی راپرسییەکە، 43%ی بەشداربووان پێیانوایە کێشەی هەرە سەرەکی و لەپێشینەی تورکیا "خراپیی دۆخی ئابوورییە"، لە کاتێکدا 27%ی بەشداربووان پرسی کوردیان بە کێشەی سەرەکی وڵاتەکە ناوبردووە.
سەبارەت پڕۆسەی ئاشتی، 47.5%ی بەشداربووان پێیانوایە پڕۆسەکە بە شێوەیەکی "باش" بەڕێوە ناچێت، لە بەرامبەردا تەنیا 30%ی بەشداربووان گەشبینن بە پڕۆسەکە. هەروەها 62%ی خەڵک حکومەت بە بەرپرسیاری سەرەکی دەزانن بۆ پێشخستنی ئاشتی و داوای چاکسازیی دیموکراتی دەکەن.
